نەوا-
ماڵپەڕە جیهانییەكان بڵاویانكردۆتەوە، ئیمان ئەبو ئەلخەیر ماتەمینی دەگێڕێت لەكاتێكدا بەهۆی سەرماو بارانبارین لە كەرتی غەززە ژیانی كۆرپە تازە لەدایكبوەكەی كۆتایی پێهات و گیانیلەدەستدا، ئەوەش ئەو راستییە سەختە ئاشكرا دەكات كە خێزانە ئاوارەكان روبەڕویان دەبێتەوە بەهۆی ئاوارەبونیانەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئیمان بە دەموچاوێكی پڕ فرمێسكی بێوچان لەناو چادرەكەیدا دادەنیشێت و كیسەیەكی بچوكی جلوبەرگی كۆرپەكەی گرتوە كە ناوی محەمەدەو دوای لەدایكبونی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیەوە گیانیلەدەستداو ئەوانیش بەهۆی ئاوارەبونیانەوە نەیانتوانیبو گەرمكەرەوەی پێویستی بۆ دابین بكەن.
ئیمان لە لێدوانێكدا باسی لەوەكردوە، كۆرپەكەم خەواندو دوای ئەوەی لە خەو هەستام بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكەم و بینیم لە دۆخێكی مەترسیداردایە، پلەكانی گەرما دابەزیوەو ئێمەش بەبێ پەناگەین و جلوبەرگێكی پێویست بۆ كۆرپەكەم دەست ناكەوێت، محەمەد جەستەی وەك سەهۆڵ سارد بو، دەست و پێیەكانی بەستو بون، دەموچاویشی رەق و زەرد بو هەروەها بە سەختی هەناسەی دەدا.
وتیشی، دەستبەجێ هاوسەرەكەمم لە خەو هەڵساند تا بتوانین محەمەد بیبەینە نەخۆشخانە، بەڵام هیچ ئامرازێكی گواستنەوەمان نەدۆزییەوە بۆ ئەوەی بەكاری بهێنین ، بارانێكی بەخوڕ دەباری و دوایی زۆر بە سەختی توانیمان بگەینە نەخۆشخانەو منداڵەكەمیان بردە بەشی چاودێری چڕ.
لە كۆتاییدا لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە رایگەیاند، كۆرپەكە ناوی محەممەد خەلیل ئەبو ئەلخەیر بوەو تەمەنی دو هەفتە بوە، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیەوە گیانیلەدەستداوە.