دەستەی دەستپاكیی عیراق رایگەیاند، بەرپرسێكی كۆمپانیای نەوتی باكور لە كەركوك بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەستگیركراوەو دواتر لەلایەن دادگاوە سزای زیندانی بۆ دەرچوە.
دەستەی دەستپاكی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوە، تیمەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی كەركوك لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەكەوە سەرۆكی یەكێك لە لیژنەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوریان دەستگیركردوە، ئەو بەرپرسە فشاری خستوەتە سەر بەڵێندەرێك و داوای بڕی پێنج هەزار دۆلاری لێكردوە لەبەرامبەر ئەوەی رەزامەندی پێ بدات بۆ دروستكردنی یاریگایەكی تۆپی پێ و پڕۆژەیەكی گەشتیاری، لەكاتی دەستگیركردنەكەشدا تۆمەتبارەكە خەریكی پێدانی نوسراوی رەزامەندی و وەرگرتنی بەشی یەكەمی پارەی بەرتیلەكە بوە.