وەزارەتی دارایی بۆ پەرلەمانتارێك: هۆكاری كەمی داهات دەست تێكەڵكردنە لەگەڵ قاچاخچیەكاندا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە، عومەر وائیلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنێكی ئەنجومەنەكەدا هۆكاری كەمی داهاتی دەروازەكانی عیراقی خستوەتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك تۆمەت و قسەی بێ بنەمای لەسەر گومرگ و دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان كردوە لەدەرەوەی سنورو بەرپرسیارێتی خۆشی قسەی لەسەر بابەتی موچە و نەوت كردوە.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندوە، دابەزینی داهات دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك لەوانە، گەندەڵی ئیداری و دارایی كە خۆیان لە رابردودا بە ئاشكرا ئاماژەیان بە نەبونی دەسەڵاتی حكومەت كردوە لە بەشێك لەو دەروازانە، هەروەها دەست تێكەڵ كردن لەگەڵ قاچاخچیەكان و بەشێك لەسەرۆك هۆزەكان لە خاڵە سنوریەكان بۆ هێنانە ناوەوەی كاڵاو شمەك دور لە گومرگی فەرمی و پێناسی گومرگی.
ئاماژەشیكردوە، ناكرێت پرسی موچەی هەرێم كە مافێكی یاسایی و دەستوری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە ببێتە ئەو بابەتەی بۆ هەر كێشەو قەیرانێكی ئیداری و دارایی خۆیان بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ پەنای بۆ ببەن و بیانەوێت شكستەكانی خۆیانی پێ دابپۆشن، نازانین چ بابەتێك هەیە موچەی هەرێم بەسەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عیراقەوە ببەستێتەوە، ئەگەر دابەزینی داهات بخەنە ئەستۆی هەرێم  ئە دزی سەدەو دەستكاری پارەی سندوقی چاودێری كۆمەڵایەتی كێ لێی بەرپرسە.
ئەمەی خوارەوە دەقی رونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییە:- 

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە 
ڕۆژی ١١ ی ئەم مانگە لە میانەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق تیایدا میوانداری كرابوو، دوور لە هەموو عورفێكی یاسایی و ئیداری بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز عومەر وائیلی هۆكاری كەمی داهاتی دەروازەكانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك تۆمەت و قسەی بێ بنەمای لەسەر گومرگ و دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و  لەدەرەوەی سنوور و بەرپرسیارێتی خۆی قسەی لەسەر بابەتی مووچە و نەوت كردووە،  بەپێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامی بدەینەوە هەتاكو نەتوانن ڕای گشتی و دەسەڵاتی یاسادانان چەواشە بكەن.
١- سەبارە بە دابەزینی داهات لە دەروازە سنوورییەكانی حكومەتی فیدراڵ، بەپێی وتەی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ئەگەر ئەو پاشەكشەیە راست بێت  بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆكارانە:
أ - گەندەڵی ئیداری و دارایی كە خۆیان لە ڕابردوودا بە ئاشكرا ئاماژەیان بە نەبوونی دەسەڵاتی حكومەت كردووە لە بەشێك لەو دەروازانە.
ب- دەست تێكەڵ كردن لەگەڵ قاچاخچیەكان و بەشێك لەسەرۆك هۆزەكان لە خاڵە سنووریەكان بۆ هێنانە ناوەوەی كاڵا و شمەك دوور لە گومرگی فەرمی و پێناسی گومرگی.
ج - قەبارەی ئەو تەركیاتانەی كە لە دەروازە سنوورییەكانی عێراق بۆ بارهەڵگرەكان دەكرێت ئاماژەیە بۆ بوونی گەندەڵییەكی ڕێكخراو.
د -پێشتر لە دەروازە سنووریەكانی حكومەتی فیدڕاڵ گومرگ كردنی كاڵا بە كۆنتێنەر بووە واتە بە شێوەی گۆترە هەرچی لە كۆنتێنەرەكە هەیە بڕێكی دیاریكراوی پارە و گومرگێكی كەمی لێ وەردەگیرا كەچی ئێستا كە بە سیستەم و پێناسەی راستەقینە جێبەجێ دەكرێت و گومرگی بەشێك لە كاڵا و كەل و پەلەكان زیاتر لە سی هێندە زیاد بووە لە كاتێكدا پێویستە ئەو جۆرە بڕیارانە بە بەرنامە و قۆناغ بە قۆناغ بێت.
ه - لە هەموو وڵاتێك وەرزی گومرگی هەیە كە بەپێی كات و مانگ و بەپێی وەرزی پێویستی كاڵا لە ناوخۆ داهاتی گومرگی ڕوو لە نزم بوونەوە و دواتر بەرزبوونەوە دەكات.
هەرچەندە ئەو وتانەی ناوبراو پێچەوانەی لێدوان و چاوپێكەوتنەكانی پێشتریەتی كە ئاماژەی بۆ زیادبوونی داهاتیان كردووە بە ڕێژەی لە ( ١٠٠ ٪ ) ، هۆكاری ئەم زیادبوونەش بە شێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ گومرگ كردن بە حاویە ( كۆنتێنەر ) كە ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ گواستنەوەی لە ( ٥٠٪ تا ٦٠ ٪ ) جموجووڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەروازە سنوورییەكانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا.
٢-سەبارەت بەهاوردەكردنی هەر كەل و پەل و كاڵایەك كە لە دەروازە فەرمییەكانی حكومەتی فیدراڵەوە نایەتە ناوەوە و دواتر لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە دێتە ناوەوە، ئەوە تۆمەتێكی بێ بنەمایە و بگرە پێچەوانەكەی لای ئێمە سەلمێنراوە، كە چەندین كاڵا و پێداویستی كە هاتنە ناوەوەیان لە دەروازەكانی هەرێم قەدەغەكراوە بەڵام لەدەروازەكانی عێراق بەئاسانی دێتە ناوەوە و بەقاچاخ دەیهێننەوە هەرێمی كوردستان.
ئەگەر هەر كاڵا و كەل و پەلێك لەدەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بێتە ناوەوە بەهۆی جیاوازی پێناسی گومرگی كەلە هەرێم كەمتر بێت، لەبەرامبەردا نووسینگە گومرگییەكانی بازگەكانی حكومەتی فیدراڵ جیاوازی پێناسە گومرگیەكەی لێ وەردەگرن، ئەو كاتەش زەرەرمەندی سەرەكی بازرگانان دەبن كە ئەوەش پێچەوانەی وتەكانی بەرپرسانی دەروازە سنوورییەكانی عێراقە.
٣-لەسەر بابەتی یەكخستنی پێناسی گومرگی چەندین جار داوامان كردووە و ئامادە بووین بەلیژنە ئەو بابەتە چارەسەر بكەین، بەڵام حكومەتی فیدراڵی لەو بابەتەش جدی نەبوون و نەهاتوونەتە پێش، كە ئەوەش بنەمایەكە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی (ئەسیكۆدا) یان هەر سیستەمێكی هاوبەش كە لە داهاتوودا كاری لەسەر بكرێت، لە ڕووی هونەرییشەوە ناكرێت دوو پێناسەی گومرگی جیاواز هەبێت لە ژێر چەتری یەك سیستەمدا،  پێشمان وایە جێبەجێكردنی سیستەمی (ئەسیكۆدا) هاوشێوەی پێناسەی گومرگی پێویستی بەگفتوگۆی دوولایەنە هەیە بۆ گەیشتن بەچوارچێوەیەكی كاركردنی هاوبەش لەو بوارەدا.
٤-سەبارەت بەفەرمی ناساندنی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بەهەمان شێوە چەندین جار داواكراوە لەحكومەتی فیدراڵ و دووپاتی دەكەینەوە چۆن پێشتر هاوكاری لیژنە و تیمەكانیان بووین بۆ ناساندن و دانپێدانانی ئەو دەروازانەی كە بەفەرمی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە نەناسێنراون، هەرچەندە ئەوەی ئێوە پێی ئەڵێن نافەرمی لای حكومەتی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتی توركیا فەرمین و دانپیانراون و سەرجەم ڕێكارەكانیان بڕیووە.
٥-لەچەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دەرگای دەروازە و گومرگ و خاڵە سنوورییەكانمان بەڕووی تیمە هاوبەشەكانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە بووە و لەدوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەشێوەی مەیدانی ئەو تیمانە سەردانی دەروازە سنووریەكانیان كردووە و وردبینییان لەسەرجەم داتا و زانیارییەكانی تایبەت بەداهاتەكان كردووە، هاوكات مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە وردەكاری سەرجەم داهاتەكان بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ خراوەتە ڕوو.
بەڵام حكومەتی فیدراڵ بەردەوام كاری لەسەر دروستكردنی كێشە و ئاستەنگی نوێ كردووە بۆ كەمبوونەوەی داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەكان، كە خۆی دەبینێتەوە لە دانانی نووسینگەی گومرگی لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەناوەكانی ( ئەلسەد ، چیمەن ، دارەمان )، ئەوەش لە كاتێكدایە لەهیچ وڵاتێكی دنیا نییە لەسەر ڕێگای جووڵەی بازرگانی دەروازەی سنووری و گومرگی تر هەبێت كاڵا و شمەكێكی هاوردەكراو دووجار گومرگ بكرێت، لە دەستوور و یاسای هیچ وڵاتێكیشدا ڕێگە بەو بابەتە نەدراوە، ئەوەش وایكردووە كە چەندین ئاستەنگ و كێشە بۆ هاتووچۆ و جموجوڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست ببێت ، چونكە لەو نووسینگە گومرگییانە زۆر كات تەنانەت ئەگەر كەل و پەل و كاڵای بازرگانان بەهەمان ڕێژە و بەهای پێناسەی گومرگی عێراق گومرگ كرابێت، بەشێوازی جیا جیا پارەیان لێ وەردەگیرێت و ناچار دەكرێن ڕێڕەوی هاوردەكردنی كەل و پەل و كاڵا لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێم و گەنجینەكانیان بگوازنەوە بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لەمبارەیەوە ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم شایەتی ئەو بابەتەن بە داتاو زانیاری ورد، تا ئەو نووسینگانە دانەنرابوو داهاتی گومرگ و خاڵەسنوورییەكانی هەرێم زۆر لە ئێستا زیاتر بوو، پێشمان وایە دانانی ئەو نووسینگانە سەرچاوەیەكی سەرەكی گەندەڵی دارایی و ئیدارییە  كە بوونەتە بەشێك لە گەندەڵی گومرگی و سەرچاوەی وەرگرتنی بەرتیل.
هەر لە وتەكانیدا لەبەردەم پەرلەمانتاران سەرۆكی دەروازە سنورییەكانی عێراق باس لەچەند پرسێك دەكات وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتی نەوتی بەسرە، بەبیر جەنابیان دێنینەوە ناردنی پشكی هەرێم لە بوودجەی عێراق بە یاسا و دەستوور سەلمێنراوە نەك خێر و بەخشین بێت ، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرەڕای جێبەجێكردنی هەموو پابەندییەكان لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەڵام حكومەتی فیدراڵ ماوەی ١٢ ساڵە فشارێكی بەردەوامی خستووەتە سەر قووت و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەكاتی سەرهەڵدانی شەڕی داعش مووچەی هەرێمتان بڕی، لەكاتێكدا پێشمەرگە شەڕی داعشی دەكرد و مووچەی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی داعشتان بە كۆپتەر دەنارد بەبێ ئەوەی یەك ڕۆژیش دوای بخەن، لەكاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە وڵاتان هاوكارییان بۆ یەكتر دەنارد بەڵام دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ ڕێك لەوكاتەدا كەنرخی نەوت دابەزیبوو جووڵەی بازرگانی و داهاتی ناوخۆ سفربوو مووچەی زیاتر لە یەك ملیۆن و ٢٠٠ هەزار هاووڵاتی هەرێمی بڕی ، تەنها لە ٧ ساڵی ڕابردوودا لە كۆی نزیكەی ٩٤ ترلیۆن دینار كە پشكی هەرێم بووە تەنها ٣٣ ترلیۆنتان بۆ هەرێم ناردووە كە دەكاتە مووچەی سێ ساڵی هەرێمی كوردستان، لە ١٢ ساڵی  ڕابردوو بەبیانووی سیاسی  هەر ساڵێك مووچەی  چەند مانگێكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانتان نەناردووە، ساڵانی (٢٠١٦-٢٠١٧) هیچ مووچە و هیچ پارەیەكتان بۆ هەرێم نەناردووە و نەجەنابتان و نەڕای گشتی نەیزانی ئەو پارانە چیان لێ هات.
باسی داهاتی نەوتی بەسرە دەكەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی كەركوك  دامەزراوە كە نەوتی كوردستانە، ئەگەر حكومەتێكی ڕەشید و دادپەروەر هەبووایە پێویست بوو قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو تاوانانە بكرایەتەوە كە  حكومەت و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامیان داوە، لەوانە ئەنفال و كیمیاباران و تەعریب و تەرحیل و تەبعیس.
نەك وەك ئەوەی بەرپرسی دەروازە سنوورییەكانی عیراق بە چەواشەكارییەوە دەڵێت هەرێمی كوردستان سوودمەندبووە لە داهاتی نەوتی بەسرە، جێی خۆیەتی بەبیریان بهێنینەوە كاتێك دەوڵەتی عیراق لەسەر نەوتی كەركوك و كوردستان دەژیا نەوتی بەسڕە هەر بوونی نەبوو، ئێستا كێ قەرزاری كێیە!؟
ئەوكاتەی هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ نەوتی  دەفرۆشت و بۆ ماوەی ٢١ مانگ توانی بەبێ بەغداد مووچە بدات و ئیدارەی خەرجی و پێداویستییەكانی خۆی بدات، ئەوە  دەسەڵاتدارانی عێراق بوون چاویان بەو پێشكەوتنانەی هەرێم هەڵنەهات و لەڕێی سكاڵاوە فرۆشتنی نەوتی هەرێمیان ڕاگرت، لەهەر ڕێگایەك بۆیان گونجابێت درێغییان نەكردووە بۆ لێدان لە ئابووری هەرێمی كوردستان وخەڵكەكەی، پشكی هەرێمتان لە ١٧٪ كرد بە١٢،٦٧ ٪ لەكاتێكدا بەپێی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە ١٤٪ بوو، دوای سەرژمێریش ١٤،١ ٪ .
ناكرێت پرسی مووچەی هەرێم كە مافێكی یاسایی و دەستووری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە ببێتە ئەو بابەتەی بۆ هەر كێشە و قەیرانێكی ئیداری و دارایی خۆیان بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵ پەنای بۆ ببەن و بیانەوێت شكستەكانی خۆیانی پێ دابپۆشن، نازانین چ بابەتێك هەیە مووچەی هەرێم بە سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراقەوە ببەستێتەوە ، ئەگەر دابەزینی داهات بخەنە ئەستۆی هەرێم ، ئەی دزی سەدە و دەستكاری پارەی سندوقی چاودێری كۆمەڵایەتی كێ لێی بەرپرسە !.
پرسی شەفافیەتی داهاتی گومرگ و دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بابەتێكی جێی مزایەدە نییە و ورد و درشتی داهاتی گومرگ و دەروازەكانی هەرێم لەبەردەست وەزارەتی دارایی عێراقدایە ،ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی وتەی وەزیری پێشووی دارایی عێراق كە لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو ( ٩٠٪ ) داهاتی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
لەكۆتایدا ئامادەیی خۆمان بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە دووپات دەكەینەوە و جەختیش دەكەینەوە لەلایەن هەر كەس و لایەن و بەرپرسێكەوە تۆمەتبار بكرێین بە مافی خۆمانی دەزانین  ڕێكاری یاسایی بگرینەبەر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group