بارزانی بۆ رەوەندی كوردی: كوردستان بە ناهەقی دابەشكرا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
لەشاری بۆنی ئەڵمانیا رەوەندی كوردی خۆپیشاندانی بۆ پشتیوانی لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا، ژمارەیەك لە راگەیاندنەكان بڵاویانكردوەتەوە كە لەو خۆپیشاندانەدا پەیامێكی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان خوێنراوەتەوە لەبەشێكیدا رایگەیاندوە، لە سەدەی بیستدا كوردستان بە ناهەقی دابەشكرا، دوای ئەو دابەشكردنە گەلی كوردستان روبەڕوی هەڕەشەو مەترسی و نەهامەتی و ئازاری زۆر بوەوە، بەڵام ئیرادەی خۆی لەدەستنەداو مافی خۆی لەبیر نەكرد، رۆژ بە رۆژ گەلی كوردستان هۆشیار ترو بەهێزتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەر كردنی مافی خۆی بەردەوام بو.
بارزانی راشیگەیاندوە، گەنج و لاوانی ئێمە بە ئازایەتی خۆیان و خوێنی خۆیان داعشیان تێكشكاند و بونە پارێزەری مرۆڤایەتی، ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان دوچاری هەڕەشەیەكی نوێ و بارودۆخێكی ئاڵۆزو مەترسیدار بونەتەوە، دەنگی هەر یەكێك پەیامێكە بۆ خەڵكی جیهان بۆئەوەی پشتیوانی لە داخوازی و مافی رەوای خوشك و برایانی بكات، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی رۆژئاوایە كار بە  بەرپرسیارەتی خۆی بكات و رێگە نەدات نەهامەتی و ئێشی گەلی كوردستان دوبارەببێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group