نەوا-
ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، بەئامادەبونی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنی گشتگیری پلاتفۆرمی(ئی-پسوڵە) راگەیەنراوە كە سیستمێكی نیشتمانیی یەكگرتوە بۆ پێدانی پسوڵە حكومییەكان بەشێوەی دیجیتاڵی.
باسلەوەشكراوە، ئەم پلاتفۆرمە بە فەرمی لەلایەن بانكی ناوەندیی عیراقەوە پەسەند كراوەو وێستگەیەكی گرنگە لەچوارچێوەی ستراتیجی حكومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی كە كۆتایی بە دەیان ساڵ لە كاركردن بە مامەڵەی نەختینەیی و رۆتینی كاغەزی دەهێنێت، ئەم پلاتفۆرمە نوێیە رێگە بە هاوڵاتیان دەدات لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم پسوڵە حكومییەكان كە سەرەتا بە پسوڵەی كارەبا دەستپێدەكات لە هەر كاتێكدا بە شێوەی 24 كاتژمێری و لە هەر شوێنێك بن بەكار بهێنن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانكردنی فەرمانگە حكومییەكان و نۆرەگرتن بكات.
حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە، بەكارهێنانی پلاتفۆرمەكە بێبەرامبەرەو هاوڵاتی هیچ تێچویەكی زیادە (عمولە) لە كاتی پارەدان لە رێگەی ئەپڵیكەیشنەكە یان لە رێگەی هاوبەشە رێگەپێدراوەكانەوە لەئەستۆ ناگرێت، هیچ لێبڕینێك ناكرێت بەبێ رەزامەندیی هاوڵاتیان لە موچە یان هەژماری بانكی، واتە هاوڵاتی خۆی بڕیاردەرە لە ئەنجامدانی پڕۆسەی پارەدانەكە.
ئەوەش باسكراوە، سیستەمەكە وردەكارییەكانی پسوڵەكە بە رونی پیشان دەدات، بە جیاكردنەوەی قەرزی كۆن لە پسوڵەی ئێستا بۆ ئەوەی هاوڵاتی بە وردی بزانێت پارەی چی دەدات، دەكرێت پارەدانەكە راستەوخۆ لە رێگەی ئەپڵیكەیشنی "e-Psûle"، یان لە رێگەی جزدانە ئەلیكترۆنییەكان وەكو (FastPay, AsiaPay, NassWallet) و بانكە بەشداربوەكانی (FIB, Cihan) ـەوە ئەنجام بدرێت.