نەوا-
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەو هێرشانەی كرد كە دەكرێنە سەر هاوڵاتیان، دامەزراوە مەدەنییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان و رایگەیاندوە، ئەم كردەوانە بە تەواوی پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی خاكن.
شەوی رابردو كونسوڵخانەی گشتی ئیمارات لە هەولێر كرایە ئامانج و لەوبارەیەوە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ئاماژەی بەوەكردوە كە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە، ئەم پەلامارانەش لە كاتێكدان كە هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبوە لە ململانێ و شەڕەكان، بەڵكو هەمیشە وەك لایەنگرو پارێزەری ئاشتی، سەقامگیری و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا ماوەتەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە داواشی لە حكومەتی عیراق كردوە بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆو رێگریی جدی بكات لەو دەستەو گروپە توندڕەو و لەیاسادەرچوانەی ناوخۆی عیراق كە بەبێ هیچ بیانویەك و بە بەردەوامی هەرێمی كوردستان و نێردە دیپلۆماسییەكان بە ئامانج دەگرن.