هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆریی هەرێمەوە دەستیپێكرد

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندوە، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە نائاساییەی كە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ  كاتژمێر 6:30ی سەر لە بەیانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، دەستی كرد بە ئیشپێكردنی وێستگەی نەوتی سارالو لە كەركووك.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی گواستنەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە بۆ وێستگەی فیشخابوور، تاوەكو لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەكان دێت بۆ رێكخستنەوەی كەرتی وزە و پاڵپشتیكردنی ئابووری لەم قۆناخە نائاساییەدا كە تەواوی ناوچەكە و عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group