ڕێكارەكانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بڵاوكرایەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
پەروەردەی سلێمانی ڕێكارەكانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاینی لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەكان بڵاوكردەوە.
نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەكالەت لە نووسراوێكی فەرمیدا رونیكردۆتەوە، دەبێت سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دەستەی كارگێڕیی ناوەندەكانی خوێندن، ڕۆژانی سێشەممە دەوام بكەن و سەردانی ناوەندەكانی خوێندن بكەن، ئەمەش بەمەبەستی ڕاییكردنی ئەركە كارگێڕیی و فێركارییەكان و بەدواداچوونی پرۆسەكە دەبێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەكان تۆمار دەكرێن و بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو ڕۆژانە پەخش دەكرێن هاوكات، پێویستە بەڕێوەبەری ناوەندەكانی خوێندن ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی كارەكانی مامۆستایانی خوێندنی حكومی بكەن و چاودێریی ئەركی ماڵەوەیان بكەن لەڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی وانە) یان ئەو گرووپانەی كە لەلایەن مامۆستایانەوە دانرا.
پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی خستۆتە روو، ناوەندە پیشەییەكان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بكەن و بیدەنە كارگێڕیی خوێندنگەكان بۆ ئەوەی لەڕێگەی گرووپەكانی (واتسئاپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بڵاوی بكەنەوە كە لەلایەن مامۆستایان و خوێندكارانەوە بەكاردەهێنرێن هەروەها، مامۆستایان پابەند كراون كە هەفتانە ئاگاداریی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان بكەن بۆ پێدانەوەی فیدباكی خوێندن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group