هۆشیاری دەدرێت لە داواكردنی ڕاوێژ لە زیرەكی دەستكرد لە بابەتە سۆزداری و كۆمەڵایەتییەكان

1 کاتژمێر پێش ئێستا هەمەڕەنگ
بێ ئەوەی ئێمە بمانەوێت یان نا، زیرەكی دەستكرد خۆی خستووەتە ناو شوێنەكانی كار، و هەموو كارمەندان لەژێر فشاری بەكارهێنانی دان. بەڵام، بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، باشترە خۆمان بپارێزین لە داوای یارمەتی لە زیرەكی دەستكرد بۆ بەڕێوەبردنی بابەتە سۆزدارییەكان، وەك سارا بریگل نووسیویەتی.
ئەم توێژینەوەیە كە لە دوو بەش پێكهاتووە، بە ناونیشانی «زیرەكی دەستكردی دڵخواز كەمكردنەوەی مەبەستە كۆمەڵایەتییە باشەكان دەكات و پشتبەستن زیاد دەكات»، بە تازەیی لە گۆڤاری «ساینس» بڵاو كراوەتەوە،  ئەنجامەكان نیشانیان دا كە بەكارهێنانی چات‌بۆتەكان بۆ وەرگرتنی ڕاوێژكاری كەسی و چارەسەركردنی دۆخە سۆزدارییەكان دەتوانێت زیانبەخش بێت، چونكە سیستەمەكە دروست كراوە بۆ ئەوەی بڵێت ئەو شتانەی خەڵك دەیانەوێت بیستبن،هەروەها، ئەمە دەتوانێت هەڵسوكەوتی نیگەرانكەر  پەرەپێ بدات لەجیاتی ئەوەی یارمەتی خەڵك بدات بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاری و داواكردنی لێبوردن.
بەكارهێنانی چات‌ بۆتەكان دەتوانێت هەڵسوكەوتی نیگەرانكەر  پەرە پێ بدات لەجیاتی ئەوەی خەڵك بەرپرسیاری كردارەكانیان بگرنە ئەستۆ و داوای لێبوردن بكەن.
ڕاپرسییەك كە تازە لەلایەن كۆمپانیای «Cognitive FX» ئەنجام دراوە نیشانی دا كە نزیكەی ٣٨ لە سەدی ئەمریكییەكان هەفتانە چات‌بۆتەكانی پشتگیریكراو بە زیرەكی دەستكرد بەكاردەهێنن بۆ پشتیوانی دەروونی،  لە كاتێكدا توێژینەوەیەكی تر لەلایەن ناوەندی «Pew Research» ئەنجام دراوە دۆزیویەتی كە ١٢ لە سەدی گەنجان زیرەكی دەستكرد بەكاردەهێنن بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ،بەپێی ڕاپرسییەكی «Kaiser Family Foundation (KFF)»، نەبوونی بیمەی تەندروستی هۆكارێكی هاندهرە بۆ ئەم بەكارهێنانە، بەجۆرێك كە گەورەسەرانێكی بێ‌بیمە زیاتر بەكاری دەهێنن لەوانەی بیمەیان هەیە (٣٠ لە سەد بەرامبەر ١٤ لە سەد.
لەو توێژینەوەیەدا، توێژەران لێكۆڵینەوەیان كرد لە ڕادەی بڵاوبوونەوەی دڵخوازی — كە پێناسە دەكرێت وەك «میلی مۆدێلە گەورەكانی زمان بۆ هاوڕابوونی زۆر لەگەڵ ڕای بەكارهێنەران، یان دڵخوشكردنیان و دروستكردنی ڕەوا بۆیان» — لە نێوان ١١ مۆدێلی سەرەكی زیرەكی دەستكرد، لەوانە «GPT-4o»، «Claude»، و «Gemini».
لە توێژینەوەی یەكەمدا، توێژەران سیستەمی زیرەكی دەستكردیان پێداوە بە زنجیرەیەك پرسیار بۆ داوای ڕاوێژ، و پۆستەكان لە فۆڕەمی «AITA» لە ماڵپەڕی «Reddit»، هەروەها وەسفگەلێك دەربارەی ئارەزووی ئازاردانی خەڵكی تر یان خۆی، پاشان وەڵامەكانی زیرەكی دەستكرد بە حوكمەكانی مرۆڤان بەراورد كرا،  بە گشتی، مۆدێلەكان بە ڕێژەی ٤٩ لە سەد زیاتر لە مرۆڤ مایل بوون پشتگیری كردارەكانی بەكارهێنەر بكەن، تەنانەت ئەگەر زیانبەخش یان نایاسایی بوون.
لە توێژینەوەی دووەمدا، بەشداربووان خەیاڵیان كرد لە دۆخێكدان كە لە پۆستی «AITA» وەسف كراوە و كردارەكانیان هەڵە بووە. پاشان وەڵامێكی نووسراو لەلایەن مرۆڤ كە دەڵێت هەڵەن، یان وەڵامێكی لەلایەن زیرەكی دەستكرد كە دەڵێت ڕاستن، خوێندەوە.
لە توێژینەوەی سێیەمدا، بەشداربووان كێشەیەكی ڕاستەقینەی ژیانیان لەگەڵ زیرەكی دەستكرد یان مرۆڤ تاوتوێ كرد.
ئەوەی نیگەرانكەرە ئەوەیە كە بەشداربووان متمانەیان زیاتر بە وەڵامە دڵخوازەكانی زیرەكی دەستكرد بوو كە كردارەكانیان پشتڕاست دەكردەوە، هەروەها باوەڕیان بە ڕاستی كردارە سەرەتاییەكانیان زیاد بوو، بەجۆرێك كە بیرۆكە پێشووەكانیان پشتگیری دەكرا لەجیاتی ئەوەی چات ‌بۆتەكە بیركردنەوەیان بگۆڕێت، توێژینەوەكە ئاماژەی دا كە ئەم پشتڕاستكردنەوەی باوەڕەكان وای كرد كەمتر مایل بن بۆ داواكردنی لێبوردن دوای قسەكردن لەگەڵ چات ‌بۆت.
توێژینەوەكە ڕوونی كردەوە:  لە تاقیكردنەوەكانماندا لەسەر مرۆڤ، تەنها یەك هەڵسوكەوت لەگەڵ زیرەكی دەستكردی دڵخواز، ئارەزووی بەشداربووان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاری و چارەسەركردنی كێشە كەسییەكان كەم كردەوە، لەكاتێكدا قەناعەتیان بە ڕاستی هەڵوێستەكانیان زیاد كرد .
هەرچەندە وەرگرتنی ڕاوێژ لە زیرەكی دەستكرد شتێكی نوێ نییە، بەڵام ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات چەندە زیانبەخشە، وەك چۆن ئالگۆریتمەكانی میدیای كۆمەڵایەتی بەهۆی توندكردنی هەستەكانەوە هاوبەشبوون زیاد دەكەن، زیرەكی دەستكرد توانای ئێمە بۆ داواكردنی لێبوردن و وەرگرتنی بەرپرسیاری لە ئازاردانی خەڵكی تر لاواز دەكات، وەك نووسەرانی توێژینەوەكە ئاماژەیان پێدا، «ئەو تایبەتمەندییەی كە زیان دەگەیەنێت، هەمان ئەوەیە كە هاوبەشبوون هان دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group