وەزیری پێشمەرگە: گیانی هاووڵاتییان و سەروەریی خاكەكەمان هێڵی سوورە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەكەن كە ئەمشەو لە رێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كراوەتە سەر گوندی زەرگەزەوی لە سنووری شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەم پەلامارە دڕندانەیەوە پێشمەرگەیەك بە ناوی "مووسا ئەنوەر رەسووڵ" لەگەڵ هاوژینەكەی شەهید بوون.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لەوەشكردەوە، گیانی هاووڵاتییان و سەروەریی خاك هێڵی سوورە، بۆیە داوا لە حكوومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن هەڵوێستی كردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن.
ئەوەشی خستە روو، بەئامانجگرتنی خەڵكی مەدەنی و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەكان و پێشێلكردنی شكۆی سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی وەزارەت و هێزەكانی پێشمەرگە ئاراستەی خێزانی شەهیدەكان كراوە.
ئەمە لە كاتیكدایە،كاتژمێر 12:15 خولەكی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی نیسان، لە ئەنجامی هێرشێكی درۆنیی بۆمبڕێژكراودا بۆ سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هاووڵاتی كە هاوسەری یەكترن، شەهید بوون.