نەوا-
جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، تیمەكانیان بەردەوامن لە هەڵمەتی پاككردنەوەی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم لە مەترسییەكانی مین و پاشماوەی جەنگی، ئەمەش وەك بەشێك لە پلانی ستراتیژی دەزگاكەیە بۆ كەمكردنەوەی روبەری پیسبو و گەڕاندنەوەی زەوییەكان بۆ خاوەنەكانیان.
سەبارەت بە بەڕێوەچونی كارەكانیان وتوشیەتی، تیمەكانی مینلابەری بەشێوەیەكی رۆژانەو بەبێ وەستان لە هەمو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم لەسەر كارەكانیان بەردەوامن، ئامانجی سەرەكی ئەوەیە كە ژینگەیەكی ئارام بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە بەهۆی بونی تەقەمەنی و مینەوە قەدەغەكراون، چونكە ئەركیان پاككردنەوەی تەواوی خاكی نیشتمانە لەو مەترسیەی كە ساڵانێكە هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیان دەكات.
تاوەكو ئێستا روبەرێكی بەرفراوان لە ناوچە شاخاوییەكان و سنورییەكان ماون كە پێویستیان بە پاككردنەوە بێت لە مین هەربۆیە داوا لە هاوڵاتیان كراوە لەكاتی بینینی هەر تەنێكی گوماناوی دوربكەونەوەو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەنەوە.