نەوا-
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق یەكەمین وتاری دوای دەستبەكاربونی پێشكەشی گەلی عیراق كردو رایگەیاند، حكومەتی نوێ حكومەتی بەدامەزراوەیی كردن و یاساو چەسپاندنی دادپەروەریی دەبێت.
لە بەشێكی وتارەكەیدا سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد، قۆناغی داهاتو قۆناغی هاوبەشیكردنی راستەقینەی نیشتمانییە كە سەرجەم ناكۆكییەكان تێپەڕێنێت بەڵێنیش دەدەن كە بە دڵسۆزییەوە كاربكەن و روبەڕوی هەڕەشەكان ببنەوە.
لەبەشێكی تردا زەیدی وتی: سەرەتای جێبەجێكردنی كارنامەكەی چاكسازییە لە ئابوری و دارایی بۆئەوەی ئابورییەكی نیشتمانی بەهێزو هەمەڕەنگ بونیات بنێن و پشت بەتەنها یەك سەرچاوەی داهات نەبەستن، هەروەها بەهەمو هێزیانەوە پارێزگاری لە دارایی گشتی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی ئیداری و دارایی دەكەن تاكو لە رێگەیەوە بێكاری كەمبكەنەوەو هەلی كار بۆ لاوان بڕەخسێنن ئەویش لە رێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەی بەرهەمهێن و هاندانی وەبەرهێناو پشتیوانیكردن لە كەرتی تایبەت بۆئەوەی ببنە هاوبەشێكی بنەڕەتی لە بونیاتنانەوەی ئابوری نیشتمانیدا.
سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق وتیشی: كاردەكەن بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پتەوكردنی پەیوەندییە عەرەبی و نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتن لەگەڵ یەكدی و بەرژەوەندی هاوبەش تا پارێزگاری لە رۆڵی عیراق و مێژووەكەی بكەن لەناوچەكەدا.