لەگەڵ ڕووداوەكان پێشکەشکار : ڕوناك ڕەفیق

روداوو گۆرانكاریەكانی هەرێم خێراو بەیەكداچون، ئێمە لەپرۆگرامی لەگەل روداوەكان راڤەو شیكاری هەمو ئەم روداوو گۆرانكارییانە دەكەین كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هەیە. لەگەل روداوەكان پرۆگرامێكی رۆژانەیە، رۆژانی یەكشەممە تا پێنج شەممە لە دوای هەواڵی كاتژمێر 4ی پاش نیوەرۆ پێشكەشتان دەكرێت ، ئێوەشبیسەرو بەشداربن

لەدوای كۆتایی هاتنی قۆناغی چارەسەری لە توركیا و باكوری كوردستان لە ساڵی 2015، هێرشەكانی حكومەتی توركیا لە رووی سەربازی و سیاسیەوە بۆ سەر جوڵانەوەی كوردی لەو بەشە چڕ بووە و بە درێژایی ساڵی 2018 ش ئەو هێرشانە بەردەوام بوون. باكوری كوردستان ساڵێكی پڕكێشمەكێشمی بەڕێ كردووە، ساڵێك كە بە هۆی توندكردنی بەشی هەرەزۆری چالاكوانانی لە زیندان، بە ساڵیی بێ دەنگی شەقام ناوی دەركردبوو، ئاخۆ لە ساڵی نوێدا دواجار هاوشێوەی ساڵی 2012 توركیا دەچێتە ژێر باری فشاری مانگرتوان و كۆتایی بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان دەهێنێت؟ ئایا سەرلەنوێ ئومێدێك هەیە كە بە بەشداری ئۆجەلان دانوستانەكانی چارەسەری پرسی كورد دەستپێبكەنەوە یان دەكرێت دوا لێدوانی هاوبەشی سەرۆكی ئێران و هاوتا توركەكە بۆ یەكخستنی هەوڵەكانیان لە دژی پژاك و پەكەكە، خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بكرێت، كە 2019 ساڵی زیاتر پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزیەكان دەبێت؟ سەبارەت بە رۆژئاواش دوای راگەیاندنی بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، مەترسیەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان و ئەزمونی خۆبەڕێوبەری باكوری كوردستان زیاتر بوون. لە ئێستادا بە چەند ئاراستە سەركردەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان بە زیانێكی كەمتر لەو هاوكێشە نوێیە دەربچن، لە لایەكەوە گفتوگۆیان لەگەڵ روسیا دەستپێكردووە و وەفدێكیان لە مۆسكۆیە و هەوڵێكیشیان رووی لە ئەوروپیەكانە. ئەوەی پەیوەستە بە رۆهەلاِتەوە لە ساڵی 2018 دا گەڕانەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، وایكرد، كە قەیرانی دارایی، گرانی، هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێكاری بەرۆكی هاوڵاتیانی ئێران بە گشتی و كوردانی رۆژهەڵات بە تایبەتی بگرێت و بەهۆی ئەو دۆخەوە بەشێكی زۆر لە گەنجان رێگای هەندەران بگرنەبەر. هەر لەو ساڵەدا لە لایەكەوە جموجۆڵی حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر پەرەی سەند و چەندین پێكدادان لە نێوان پێشمەرگە و گەریلاكانی ئەو بەشە لەگەڵ هێزەكانی سەر بە حكومەتی تاران هاتە ئاراوە و لە بەرامبەریشدا فشار و هێرشەكانی ئێرانیش بۆ سەر چالاكوانانی سیاسی و مەدەنی ئەو بەشەی كوردستان پەرەی سەند. لەگەڵ عابید ئیكە هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی هەدەپە لەباشور، جەمیل رەحمانۆ ئەندامی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی رۆژئاوا لە هەرێم، عەلی كەریمی نوسەرو چاودێری سیاسی ئەم پرسەمان تاوتوێكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group