ئەمەی باسی دەكەم ڕێك بەوە دەچێ داواكارییەك پێشكەشی زیرەكی دەستكرد بكەی و پێی بڵێ، تكایە، لە ماوەیەكی كەمدا ڕێژەی سەوزایی كەلارمان بۆ بەرز بكەوە. كەلارێك كە پلەكانی گەرمای لە زۆرینەی ناوچەكانی تری كوردستان بەرزترە، ووشكەساڵی و بەبیابانبوونی تێدا درووست بووە، ڕێژەی بارانبارین كەمترینە، قۆناغەكانی ئەنفال و چۆڵكردنی گوندەكانی تێدا ئەنجامدراوە ساڵی هەشتان، تا ساڵی دوو هەزارەكان پێش ڕوخانی ڕژێمی عێراق هێشتا مەترسی لەسەر بوو، لە شەڕەكانی ئەم دواییەی نێوان حكومەت و داعش نزیكترین ناوچە بوو لە شەڕەكانەوە.. ئایا ئەوەتان زانیوە، كە ساڵی 2012 ڕێژەی سەوزایی گەرمیان، (4.4) بووە، بەڵام ساڵی 2025 بەپێی ئامارێكی سەرۆكایەتی شارەوانی كەلار، ڕێژەی سەوزایی بەرزبۆتەوە بۆ نزیكەی (8%) كە ئەمە مایەی خۆشحاڵییە، لە ئێستادا قەزای كەلار خاوەنی (25) ناوەندیی شەقام (68) باخچە (4) دارستانی دەستكردە. بە خۆشحاڵییەوە ناحیەی ڕزگاریش كە بەشێك لە قەزاكە، بەپێی ئەوەی پێموترا، ساڵی 2018 (1%) بەڵام ئێستا (11%)، كە ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە. كاتێ لە دەرەوەی قەزاكە باسی گەرمیان و بەتایبەتی كەلار دەكرێت، لە بیری هەموو تاكێكدا ڕێك ناوچەیەكی ووشك بێ ئاو، بێ سەوزایی ڕێك هاوشێوەی بیابانەكانی بەسرە و خوارووی عێراق دێتە پێش چاوت. بەڵام بە پێچەوانەوە كاتێ بەنێو گەڕەك و شەقامە سەرەكییەكاندا تێدەپەڕی، تاكە شارە لە كوردستان كە لە شوێنی تونێلی كۆنكرێتی تونێلی درەختبوونی هەیە. سەرەڕای گرفت و كێشەكانی بەشی باخچەكان وەكو سەرجەم گرفتی سێكتەرەكانی تری حوكمەتداری. بە خۆشحاڵییەوە بەرەو پێشچونێكی باشی بە خۆوە بینیوە، لەوەش گرنگتر كێشەو قەیرانە داراییەكان نەیانتوانیوە ئەم بەرەو پیشچوونە ژینگەییە ڕابگڕن، ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبونی سەرۆك و بەشی باخچە و ئەندازیارانی كشتوكاڵی و ژینگە پارێزەكان بووە. لەوەش گرنگتر چەند ساڵێكی تر بەشێك لە درەختی ناو بلوارەكان بەرهەمەكانیان پێدەگات و ئیتر دەتوان بڵێن (خورما) لە كەلاریش زۆرە، نەك تەنها لە (خاڵس). بۆیە من داوا دەكەم، سەرەڕای پێشكەوتنەكانی تری قەزاكە، لە زۆر ڕووەوە، لەناویشیاندا ژینگە و ڕێژەی سەوزایی، كەلار نازناوی (پایتەختی سەوزایی) پێببەخشرێت كە من پێموایە جوانترین ناوە و شانازییە بۆ دانیشتوانەكەی كە هەڵگری ئەو ناوە بن. مەعروف مەجید سەرۆكی ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.