كەمكردنەوەی نرخی پارالێل و چەند سەرنجێك

سەعدی مستەفا

03/10/2019

دوابەدوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكان بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن كەمبكاتەوە، خودی بڕیارەكە جێگای رێزگرتن و دەستخۆشیە، بەڵام ئەو چەند سەرنجەش بە پێویست دەزانم بیخەمەڕو:
1-خوێندن بە سیستەمی پارالێل لە زانكۆ و پەیمانگەكانی حكومی، لەسەر حسابی كورسیە بەتاڵەكانی بەیانیانی بێ پارەیە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەو پرسە ستەمێكە لە فێرخوازان كراوە، بە دەوڵەمەندو هەژار تێیدا زەرەرمەندن، بۆیە ڕاستكردنەوەی ئەو ستەمە بەلادان یاخود كەمكردنەوەی رێژەی كورسی تەرخانكراو دەبێت، كە بە گوێرەی رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە (40%)ی كورسییەكانی كۆلێژەكان و(%50)  كورسییەكانی پەیمانگەكان لەپلانی وەرگرتن تەرخانكراوە بۆ ئەو سیستەمە.
2-پێویستبوو نرخی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە كاتی پڕكردنەوەی فۆرمی زانكۆلاین بەفەرمی لە بەردەستی فێرخوازاندا بوایە، هاوكات بڕیاری كەمكردنەوەكەش هەر لەوكاتەدا بوایە. بەداخەوە تا نوسینی ئەو بابەتەش جگە لە چەند شوێنێك، تائێستا نرخی خوێندنی پارالێل و ئێواران بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بۆیە فێرخوازانێكی زۆر لە كاتی هەڵبژاردنی ریزبەندیەكەیان راڕاو دوودڵ بوون نەیاندەتوانی بەشێك لە زانكۆ و پەیمانگاكان دیاری بكەن، چونكە نرخەكەی نەزانراوبوو، كوردیش جوانی وتوە "ماسی لە ناو ئاودا مامەڵە ناكرێت"، سەرەنجام فێرخوازێكی زۆر بێبەشبون لە هەڵبژاردنی ئەو جۆرە سیستەمە.
3-بۆ گێڕانەوەی دەرفەتی یەكسان بۆ هەموو فێرخوازان، پێویستە پێش ئاشكراكردنی ناوەكان، ناوەندی وەرگرتنی فێرخوازان رێگاچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوانەی لەئێستادا و لە دوای كەمكردنەوەی نرخی خوێندنی پارالێل و ئێواران دەیانەوێت داواكاری پێشكەش بكەن بۆ ئەو دوو جۆرە سیستەمە.
4-پێویستە  لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەرلەمان و چالاكوانان و میدیا و هاووڵاتیان رۆڵیان هەبێت و ناڕەزایەتی دەرببڕن لە پرسی بەپارەكردنی خوێندنی بەیانیانی حكومی لە زانكۆ و پەیمانگەكاندا.
5-كەمكردنەوەی كورسیەكانی بەیانیانی بێ پارە و فرۆشتنی بەناوی سیستەمی پارالێل لەلایەك و خراپی باری ئابوریی هاووڵاتیان لەلایەكی تر دەبێتەهۆی نیگەرانی و بێ ئومێدیەكی زۆر لای فێرخوازان، رەنگە سەربكێشێ بۆ كێشەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و هتد.
6-پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەپاڵ كەمكردنەوەی رێژەی كرێی خوێندنی ئێواران و پارالێل، پێویستە رێژەی كورسیە تەرخانكراوەكانیش بە سیستەمی پارالێل كەمبكاتەوە، لەبەرانبەریشدا رێژەی وەرگرتنی ئاسایی بەیانیان زیادبكات، چونكە لە كۆی (54933) دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی تەنها (24784) فێرخواز لە پلانی وەرگرتنی بەیانیانی بێ پارە دانراوە، كە رێژەكە ناگاتە لە (%50)ی كۆی دەرچوانی ئەمساڵ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group