دواجار كۆرۆنا بتكوژێت یان خەمی پەیداكردنی بژێوی، هەردووكیان هەر مردنن

محەمەد فاتیح

24/03/2020

لەكاتێكدا جیهان بە دەست ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەناڵێنێت و تەنگی بە هەموو مرۆڤایەتی هەڵچنیوە و جیهانی بە گشتی كەرەنتینە كردوە و لە سوچی ماڵدا تەریكی كردون، كەچی هاونیشتمانانی هەرێمی كوردستان سەرباری هەموو كەموكوڕیەكان و سەرباری مەترسی و دڵەڕاوكێی ئەم ڤایرۆسەش، لەمكاتەدا هەر بەدەست بێ موچەیەوە دەناڵێنن.
ئەمە چ بەرپرسیاریەتی و هەڵسوكەوت و رەوشتێكە، كە لەمكاتە ناهەموارەدا، لەم سەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایەدا، كە جیهان كەم نەهامەتی وای بەخۆیەوەبینیوە، تۆ بچیت موچەی ئەو خەڵكە نەدەیت و هێندەی تر توشی ترس و دڵەڕاوكێیان بكەیت!
من باسی وڵاتانی جیهانتان بۆ ناكەم، چونكە جارێ سەدەیەكی تریش ناگەن بەوان، باسی عیراقتان بۆ دەكەم، كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق، تەنانەت نەك لەم سەردەمی حكومڕانییەی ئێستای عیراقدا، بەڵكو لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدامی دیكتاتۆریشدا، موچەی هیچ فەرمانبەرێك نەخوراوە و دەست بۆ قوتی خەڵكی نەبراوە!
جێگای دەستخۆشییە، كە رێوشوێنی گونجاو و باشتان گرتوەتەبەر بۆ رێگریگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەهانای هاووڵاتیانەوە دەچن، لەبەرانبەردا جێگای شورەیی و شەرمەزاریە كە لەمكاتەدا دەست بۆ موچە و قوتی خەڵكی ببەن و هێندەی تر باریان قورستر بكەن!
بانگی رافیدەینی عیراق، پێش هاتنی سەری مانگ داوا لە فەرمانبەرەكانی دەكات، بچن موچە وەربگرن، كەچی موچەخۆرەكانی هەرێمی كوردستانیش تاكو ئێستا موچەی مانگی 12یان وەرنەگرتوە و توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆناش لە كوردستان روو لە هەڵكشانە، ئەمە چ كارەساتێكە!
خۆ لە بانگەشەی پێكهێنانی ئەم حكومەتە دەیانوت حكومەتی هەلی كار و ئارامییە، یان دەیانوت: كوردستانێكی بەهێز، ئێمە نە كوردستانێكی بەهێزمان بینی نە هەلی كار و ئارامی، سەرباری ئەوەش لەم هەلومەرجەدا دەستتان بۆ قوتی خەڵكی بردوە و هێندەی تر برینی ئەم خەڵكەتان قوڵتركردوەتەوە!
جێگای دەستخۆشی و پێزانینە، بۆ ئەو هەمو رێكار و رێوشوێنانەی گرتوناتەبەر تاكو بەر لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرن و مەترسییەكەی كەمترببێتەوە، بەڵام تكایە ئێمە ناڵێین وەكو سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڕیاربدەن هەر ماڵەی هەموو مانگێك هەزار دۆلاری پێبدەن تاكو مەترسی ئەم ڤایرۆسە لەئارادابێت، هەر هیچ نەبێت ئەگەر ناتوانن پارە بۆ كاسبكارەكان خەرج بكەن، كە بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە ناتوانن بچنەوە سەركارەكانیان، موچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە و ناخۆ بدەن، كە مافێكی سەرەتایی خۆیانە و لێتان زەوتكردون!
ئەمە ئەركی سەرەكی ئێوەیە، وەكو هەموو حكومەتێكی گۆی زەوی، دەنا مەگەر ئێوە هەر بەناو حكومەتن؟
ئەگەر بە راستی خەمی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان دەخۆن و دەتانەوێت بیانپارێزن، لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتوتانەتەبەر و لە بەرژەوەندی هەمومانە، ئەگەر ناتوانن بژێوی هەموو خەڵكیش دابین بكەن، مافی موچەخۆرەكان بدەن، چونكە دواجار كۆرۆنا بتكوژێت یان خەمی پەیداكردنی بژێوی ژیان، هەردووكیان مردن و گیانلەدەستدانە!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group