دواكەوتویی كۆمەڵگەی كوردی

محەمەد فاتیح

پێش 2 هەفتە

"مامە ئەوە كچەكەتم بینی دەستی لەناو دەستی كوڕێك بوو!" ئەمە قسەی منداڵێكی 13-14 ساڵانە، كە لەناو یەكێك لە كۆڵانەكانی سلێمانی بە باوكی كچەكەی وتوە، بەڵام دواتر دەركەوت ئەو كچە لە پەروەردەی تایبەتە و شتی واشی نەكردوە و تەمەنیشی تەنها 14 ساڵانە!.
ئەوە گریمان ئەو كچە دەستی لەناو دەستی كوڕێك ناوە، ئەمە چ رەوشت و پەروەردەیەكە، منداڵێك لەسەری كۆڵانێكدا یەخەت بگرێت و ئەو جۆرە قسە ناشیاوەت لەگەڵدا بكات؟.
لەسەر زبڵ و خاشاك دانان، كێشەیەكی گەورە دروست دەبێت، هەرزەكاران گێچەڵ بەكچەكان دەكەن و رێز لە كۆمەڵگە و دەوروبەریان ناگرن!، رۆژانە شەڕە منداڵە و دایك و باوكی منداڵەكانیش بەگژیەكدا دەچن!
كەسێكی رۆشنبیر و ناسراو، خۆی هەڵدەقورتێنێتە ناو بابەتی تاكە كەسیتەوە، هونەرمەندە و كەسایەتی لەگەڵ هونەردا ناگونجێت، مەلایە .. بانگخوازە، كەچی سوكایەتی بە مرۆڤ دەكات و ناوی لەكەدار دەكات، لە مافی مرۆڤ كاردەكات و مافی مرۆڤ پێشێل دەكات!.
رەوشی هەمو كۆمەڵگەی كوردی تێكچوە، حكومەت و بەرپرسەكان و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنەكان لەگەڵ میللەت، میللەتیش لەگەڵ حكومەت و بەرپرسەكان و ئۆپۆزسیۆنەكان، مامۆستا لەگەڵ قوتابی، قوتابیش لەگەڵ مامۆستا، بەڕێوەبەر لەگەڵ فەرمانبەر، فەرمانبەر لەگەڵ بەڕێوەبەر، دایك و باوك لەگەڵ منداڵەكانیان و منداڵەكانیان لەگەڵ دایك و باوكیان، بێحورمەتیی یەخەی، حكومەت و بەرپرس و هونەرمەند و رۆشنبیر و نوسەر و رۆژنامەنوس و راگەیاندكار و پەرلەمانتار و كاسبكار و مامۆستا و فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و پیاوی ئایینی و عیلمانی و باوەڕنەدار و باوەڕدار و كچ و كوڕ و ژن و پیاو و منداڵ و گەورە و پیر و هەمو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی گرتوە!
لە هەموی سەیرتر، ئەو كەس و دامودەزگایانەی پەناشیان بۆ دەبێت بۆ چارەسەر، خۆیان پێویستییان بە چارەسەرە!.
چ نەهامەتیەكە كورد لە ساڵانی شەستەكان و پێشوتر، رۆشنبیرتر و هۆشیارتربوە!، چ نەهامەتیەكە جاران پێیاندەوتین زیندوكوژی مردو پەرست، ئێستا رێز لە مردوەكانیشمان ناگرین!، پێموایە لە هەمو كات زیاتر پێویستیمان بە وانەی رەوشتە!
لەپاش "30" ساڵ حوكمڕانی، دەركەوت كوردیش تەنها میللەتێكە لە میللەتە دواكەوتوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست!.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group