كێ‌ بەرپرسە لەبارودۆخی هەرێمی كوردستان؟

محەمەد فاتیح

6 رۆژ پێش ئێستا

زۆرن ئەوانەی ئەو بارودۆخە ناهەموار و سەختەی هەرێمی كوردستان پێیگەیشتوە، دەمێك دەیدەنە پاڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و دەمێكیش دەیدەنە پاڵ بەرپرسانی عیراق.
حەزمكرد وەكو رۆژنامەنوسێك و هاووڵاتییەكی سادەی كوردستان واقیعبینانە لەم بابەتە بڕوانین، ئەگەر لەڕوی باوكایەتیەوە لە بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بڕوانین، ئەوا گومانم نییە، هەمو باوكێكی بەویژدان و دڵسۆز، بەرژەوەندی منداڵەكانی مەبەستترە وەك لە بەرژەوەندی خۆی.
لەكاتێكدا ئەگەر بەچاوی باوكایەتیشەوە لێیان نەڕوانین، ئەوا حكومەتی عیراقی دراوسێمان تەنها یەك مانگ موچەی دواخست، دواتر بڕیاری دا دوو موچە بەسەریەكەوە بدرێت بە موچەخۆران و بڕیارەكەش جێبەجێكرا! بەڵام لای خۆمان رۆڵەكانی خۆیانیان بەلاوە گرنگ نییە و تەنانەت فەرمانبەران نازانن موچەی چی مانگێكە و چۆن و كەی و بڕی چەندیان موچە پێدەدەن.
هیچ دەسەڵاتدارێكی هەرێمیش بەدەر نییە لەو ستەمەی لە ئێمە دەكرێت و هەر یەكە و بەشێوازی خۆی بەشدارە لەو ستەمە، ئەگەرچی ناوبەناو چەند پاڵەوانێكمان لێدەردەكەوێت، كە خۆیان بەدور دەگرن لەو ستامانەی لە ئێمەی میللەت دەكرێت و دەڵێی نەبایان دیوە نە باران!
لەوەتەی بەهۆی ئەم قەیرانی كۆرۆنایەوە زۆربەی چینەكان بەدەست بێ پارەیەوە دەناڵێنن، من و دڵنیام زۆربەی باوكەكانی وەكو منیش، لەدەمی خۆمانی دەگرینەوە بۆ منداڵەكانمان، ئەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان چیان لە دەمی خۆیان گرتوەتەوە بۆ ئێمە؟!
من و زۆربەی باوكەكانی وەكو منیش، هەتاكو بتوانین ئازاری خۆمان دەدەین و ئازاری دڵی منداڵەكانمان نادەین، ئەی ئێوە بەبیری كەستان دێت بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان خۆیان ئازاردابێت لەپێناو ئەوەی دڵی ئێمە ئازار نەدەن؟!
من و زۆربەی باوكەكانی وەكو منیش پێ‌ بەجەرگی خۆماندا دەنێین و رۆژانە قوتی منداڵەكانمان، نە كەم دەكەینەوە نە دەیبڕین، ئەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بۆچی هەمیشە دەست بۆ قوتی ئێمە دەبەن و بە ئارەزوی خۆیان كەمیدەكەنەوە و دەیبڕن؟!
ئای ئێوە چەند باوكێكی بێ‌ ئەمەك و بێویژدانن، مانای باوكایەتی هەر نازانن، گوێ‌ بە ناڵە و هاواری ئێمە نادەن و هەر خەریكی بەرژەوەندی خۆتانن! بەڵام دڵنیابن لەدادگای ویژدان سكاڵامان لەسەر تۆماركردون و شایەنی لەسێدارەدانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group