پارەی مەرجدارو خزمەتگوزاری شێواو

د.پیرۆت محمد امین

10 کاتژمێر پێش ئێستا

پارەی مەرجدارو خزمەتگوزاری شێواو، هەرێم لە خولگەی ناوەندگەرایی داراییدا
  *د.پیرۆت محمد امین
لە نێو ئاڵۆزیەکانی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، پرسی پارەدان وەک یەکێک لە دیارترین گرژییە درێژخایەنەکان سەرهەڵدەدات کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکتر تۆمەتبار دەکرێن بە پابەندنەبوون بەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە.
 ساڵانە ناکۆکی لەسەر پشکی دارایی کە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ هەرێم تەرخانکراوە دەستپێدەکاتەوە. عێراق یاسای بوودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی 2023، 2024، و 2025 پەسەند کرد، بودجەکە خەرجی ساڵانەی لەخۆگرتووە، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67% دانراوە. لەماوەی ڕابردوودا، مشتومڕەکە پەرەی سەند، دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، كە هەرێمی کوردستان "لە ئێستاوە 12.67%ی بودجەی ساڵانەی تێپەڕاندووە، کە بڕی 13.5 ترلیۆن دینار بووە"، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت "ناتوانێ بەردەوام بێت لە دابینکردنی بودجەی هەرێم" لە ئێستادا". 
هۆکارەکانی گرژی دارایی
بنەمای پارەدارکردنی مەرجدار ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕێکەوتنێکی دارایی تۆکمە و سەقامگیر لە نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە دارایی و نەوتییەکان. سەرەڕای واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتنی کاتی، زۆرجار بەهۆی گۆڕانی پێشهاتە سیاسییەکانیان دواکەوتنی جێبەجێکردنی بەڵێننامەکان لەلایەن هەردوو لایەنەوە پێشێل دەکرێن. جگە لەوەش ناکۆکی لەسەر ئاماری بەرهەمهێنانی نەوت و پرسی دەروازە سنوورییەکان و نەبوونی حساباتی کۆتایی بەڵگەدار، هەموویان دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن و پاڵدەنێن بەرەو ناوەندگەرایی زیاتر لەسەر حیسابی هاوبەشی فیدراڵی کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە. بەڵام مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانە بە بڕین یان سنووردارکردنی بودجە بۆ هەرێم، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ئەوەندەی تر کێشەکە گەورەتر دەکات. وەنابێ هاووڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی حیساباتی ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری.
لە کاتێکدا ناوەند پێی وایە ئەم مەرجانە پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و شەفافیەت لە دابەشکردنی سەرچاوەکان، بەڵام هەرێم بە جۆرێک لە " سەرپەرشتی دارایی" دەزانێت کە پێچەوانەی پرەنسیپی فیدراڵی و سەربەخۆییە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانیدا.
دۆخی ئێستا
لە ئێستادا هەرێم تووشی وەستانی دارایی بووە، چونکە ئێستا بودجەی فیدراڵی لە شێوەی " بڕە پارەی مەرجدار"دا خەرج دەکرێت نەک گواستنەوەی ئاسایی. ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیجی ئیداری و دابەزینی مەترسیداری ئاستی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، کە لەماوەی درێژخایەندا دەكرێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریی هەرێم. هەر لەبەرئەمەیە خراپی خزمەتگوزاریەکان، بەرزی ڕێژەی بێکاری و لاوازی ژێرخانی ئابووری زیادی کردووە. ئەمەش وایکردووە کەلێنی نێوان هاووڵاتیان و دامودەزگاکانی هەرێم قووڵتر بکاتەوە و ئەگەر سەرچاوەکانی دارایی بەو جۆرە وابەستەی گۆڕانکاریە سیاسی و گرژییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بن، ئەوا پرسیار لەسەر کاریگەریی سیستەمی فیدراڵی دەوروژێنێت،.
قەیرانێکی بەردەوام و مەترسیدار
ڕاگرتن یان دواکەوتنی پارەداركردنی هەرێم، وەک لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویدا، بە خێرایی کاریگەری لەسەر کوالیتی و ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەبێت. ئێستا هاوڵاتیان باجی ئەم ململانێیە دارایی-سیاسییە دەدەن، زۆرێک لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بەدەست کەمی بودجەوە دەناڵێنن. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی پاراستن لە ژێرخانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و ڕاگرتنی پڕۆژە گرنگەکان، لەوانە ئەوانەی لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزاری شارەوانی، و کارەبادان، ئەمە جگە لە  دۆخی بەردەوامی تێكچوون لە کاری دامودەزگاکانی هەرێمدا.
لە ماوەی دواکەوتن یان ڕاگرتنی بودجەدا، حکومەتی هەرێم ناچار بوو پەنا بۆ قەرزی ناوخۆ ببات، مووچەی دوابخات، یان تەنانەت باج و ڕسومات بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو كورتهێنانە. ئەمەش ناڕەزایی گشتی زیاتر و متمانەی بە حکومەت لاواز کرد.
ئەنجام
قەیرانی دارایی لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمدا تەنها بابەتی ژمارە نییە؛ یەڵكو ڕەنگدانەوەی کەموکوڕییەکی قووڵە لە پێکهاتەی پەیوەندی فیدراڵیدا. وە هەتاوەكو لۆژیکی بودجەی مەرجدار و نەبوونی متمانە تێپەڕنەبێت، هەرێمی کوردستان لە بازنەی ناوەندگەرایی داراییدا زیاتر گیر دەخوات و خزمەتگوزاریە گشتییەکان بە بارمتەی گرژییە سیاسییەکان دەمێننەوە کە هاوڵاتی دەستی تێدا نییە.
لەگەڵ نەبوونی سەرچاوەی کاریگەر بۆ دابینکردنی بودجەی بەدیل لە ئێستادا، حکومەتی هەرێم بە پابەندی دەمێنێتەوە بەرامبەر بەو نادڵنیاییەی کە سیاسەتی ناوەند دەیسەپێنێت، ئەمەش پوكانەوەی ئابووری ناوخۆیی زیاد دەکات و توانای دامەزراوەکان بۆ پلاندانان و جێبەجێکردن لاواز دەکات.

*پسپۆڕی دارایی گشتی


ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group