كاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەمە بەكاتی بەریتانیا، بۆ یەكەمجار لە ژیانمدا گوێبیستی زەنگی ئینزاری نیشتیمانیی ئەبم كە تەنها حكومەت و پۆلیس دەتوانن بینێرن بۆ تەلەفۆنەكەت لە حاڵەتی زۆر زۆر مەترسیداردا. ئەم ئینزارەی ئەمڕۆ كە ئەیبیستم دەنگێكی زۆر تیژە بۆ ماوەی ٨ هەتا ١٠ (هەشت هەتا دە چركە) چركە بەردەوام ئەبێت و ناتوانیت بیوەستێنی. هەمان دەنگی ئینزارە كە لە كاتی جەنگی جیهانیدا لێدراوە بۆ خۆشاردنەوە لە فڕۆكەكانی دوژمن-نازیەكان. من ئەوكاتی بەشێك نەبووم لەو جۆرە ژیانەی خەڵكی لە جەنگە گەورەكان و هێرشی حكومەتە زلهێزەكان بۆ سەر یەكتری، تەنها باس و ڕودان و تەنگەژەی ژیانم لە باوكمەوە بیستوە لە شەڕی 'سەفەربەلگ' دا. ئەوانەی بەشدار بوون لەو ژیانەی سەدەیەك لەمەوبەر ونەماون یان هێشتا لە ژیاندان، بەم جۆرەی ئێستای ئێمە زەنگی مەترسی- حاڵەتی خەتەر، نەدەنێررا بۆ تەلەفۆنەكانیان و وەكو ئێمەش هەفتەیەك پێشتر لە لایەن حكومەتەوە ئاگادار نەدەكرانەوە كە نەترسن. بەڵكوو ئەوكاتی لە بڵندگۆكانەوە ناوچە بە ناوچە بە پێی پێویست و نزیكی لە حاڵەتی خەتەرییەوە و لە پڕ ئەو زەنگە ترسناكە ئیزعاجەیان دەبیست كە زەنگی ئەگەری مردن بوو بۆیان، هەموو شتێكیان بەجێدەهێشت و قاچێكیان لێ دەبوو بە هەزار بۆ خۆشاردنەوەیان ڕایاندەكرد بەرەو حەشارگەكانی ژێرزەوی لە ترسی هێرشكردنە سەریان و تۆپباران كردنیان وفرێدانی بۆمبە كوشندەكان لە فڕۆكەكانی ئاسمانەوە بەسەریاندا. ئەمە ڕۆژێكی سەیرە لە 'تاقیكردنەوە'ی دەنگی ژیان لە حاڵی مەترسیدا. لە ژیانی من و چەندین ملیۆن كەسیتر كە لەوە پێشتر زەنگی مەترسی لەسەر ژیانمان و مانەوە لە ماڵەكانمان و نەچونە دەرەوەمان نەبیستوە، نوێیە و دەمانباتەوە بۆ بیركردنەوە لە جەنگی جیهانی سەد ساڵ لەمەوبەر. حكومەتی بەریتانیا دەڵێت: ئەمەیان تاقی كردنەوەیە بۆ هەموو بەریتانیا(نەك تەنها ئینگلتەرا)، واتە چەندین ملیۆن كەس(٨٦ ملیۆن مۆبایل) لە گەڵ مندا لە یەك كاتدا پێكەوە دەیبیستین و بۆ زۆربەی هەرە زۆرمان نوێیە. لەبەر ئەوەی دەیانەوێت بەكاری بهێنن نەك تەنها بۆ كاتەكانی جەنگ، بەڵكوو بۆ كارەساتەكانیتر، بۆ نموونە: كارەساتی وەبا، بڵاوبونەوەی زۆری ڤایرۆسی كوشندە، هێرشی تێرۆریزم لە گەڕەك و ناوچەكەی تۆ تیا دەژیت، كارەساتەكانی كەشو هەوا هتد لەهەر ناوچە یان شار یان سەرتاسەری. حكومەت وا دەڵێت. 07-09-2025
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.