کە شکست دەهێنێت لە دامەزراندنی شەرعیەت لەسەر بنەمای دەستکەوت و دادپەروەری، مەیلی قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە بە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان دەکات نەک چارەسەرکردنیان. وەک "ئەنتۆنیۆ گرامشی" لە شیکارییەکانیدا بۆ هەژموون ڕوونی دەکاتەوە، کۆنترۆڵکردن تەنیا لە ڕێگەی هێزی ڕاستەوخۆوە ئەنجام نادرێت، بەڵکو بە بەرهەمهێنانی واقیعێکی کۆمەڵایەتیش کە وا دەکات ملکەچبوون وەک هەڵبژاردنێکی عەقڵانی دەرکەوێت. لەم چوارچێوەیەدا نەهامەتی دەبێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی جەماوەر بە خەباتی ڕۆژانە بۆ مانەوە سەرقاڵ بکات، لەبری ئەوەی ئەو پێکهاتە سیاسییە بخاتە ژێر پرسیارەوە کە ئەم واقیعەی بەرهەمهێناوە. سیاسەتە ئابوورییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەردەوامکردنی ئەم دیاردەیە بە پاراستنی ئابوورییەکی لا واز بەتایبەتی لەو ڵاتانەی داهاتیان بەزۆری لەسەر بنەمای کرێی نەوتە کە دەرفەتی کارکردنی بەرهەمدار سنووردار دەکات و پشتبەستنی تاکەکان بە حكومەت یان تۆڕەکانی پشتیوانی سیاسیی پەیوەندیدار بە حكومەت قووڵتر دەکاتەوە. دەسەڵات بەشداری دەکات لە دروستکردنی نەهامەتی کاتێک چەمکی خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە مانای ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ دەکاتەوە، ئەم خزمەتگوزاریانە لە مافێکی سروشتی هاووڵاتیەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیاسی کە بەپێی لۆژیکی ئیمتیاز بەڕێوەدەبرێت نەک دادپەروەری. لە ئەزموونەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتە کرێچی و لاوازەكان، خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەكو پەروەردە، تەندروستی، کارەبا، ئاو و گواستنەوە ئیتر دەربڕینی گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا نین، بەڵکو بوونەتە ڕووبەرێک کە بۆ پێوانەکردنی دڵسۆزی سیاسی بەکاردەهێنرێت زیاتر لە پێوەرێک بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤ. میدیای فەرمی و دەوڵەتی کۆنترۆڵکراو بە یەکسانی کاریگەرن لە بەردەوامکردنی ئەم واقیعەدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ئاساییکردنەوەی ئازارەکانی ڕۆژانە و گۆڕینی بۆ ڕووداوێکی ئاشنا ، کە وەک چارەنووسێکی هەڵنەهاتوو پێشکەش بە خەڵک دەکرێت. لەم چوارچێوەیەدا هەر داواکارییەک بۆ مافەکان یان باشترکردنی بارودۆخی ژیان وەک قومارێکی مەترسیدار و پڕ ئاژاوە و داڕمانی سەقامگیری وێنا دەکرێت وقبوڵکردنی نەهامەتی وەک باجێکی پێویست بەرهەمدەهێنێتەوە کە بۆ وەهمی سەقامگیری دەدرێت، نەک وەک دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە کراوەن بۆ ڕەخنە و لێپرسینەوە. شیکارییەکانی بیرمەندانی وەک "کارل پۆلانی" و "ئامارتیا سێن" ئاماژە بەوە دەکەن کە هەژاری تەنیا کەمی داهات نییە، بەڵکو لە وەرینی هەڵبژاردن و بەرتەسکبوونەوەی مەودای کردەوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵدا خۆی دەردەخات. کاتێک سیاسەتە گشتیەکان دەبنە ئامرازێک بۆ لاوازکردنی ئەو توانایانە، نەهامەتی دەبێتە مەرجێکی بەرهەمهێنەری سیاسی. حکومەتێک کە پەروەردە لە پڕۆگرامی خۆی بەتاڵ بکاتەوە و چاودێری تەندروستی بگۆڕێت بۆ ئیمتیازێک و دەرفەتی کارکردن بە دڵسۆزیەوە ببەستێتەوە نەک بە لێهاتوویی، هەڵە نابێت گەر بڵێین لە چوارچێوەی لۆژیکێکدا کاردەکات کە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگایەكە سەرقاڵی دەستەبەرکردنی بنەماکانی مانەوە و بێتوانایە نەك لێپرسینەوە لە فەرمانڕەواکانی. گوتاری "ترس لە ئەڵتەرناتیڤ" لە کایەی گشتیدا وەک ئامرازێکی سیاسی کاریگەر بۆ بەستنی هۆشیاری دەستەجەمعی سەریهەڵداوەتەوە، نەک بۆ قەناعەت پێکردنی جەماوەر بە بوونی توانای ژیانی واقیعی ، بەڵکو بە چاندنی ترس لەوەی کە ڕەنگە چی لە دوای ئەوە بێت. لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ڕۆژانەی ئەم بابەتە لە میدیا و گوتاری فەرمیدا، ئامادەیی بەکۆمەڵ بۆ داوای چاکسازی کەم دەكاتەوە و نەهامەتی وەک باجێکی گونجاو ئاسایی دەکرێتەوە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئەم شێوازە حوکمڕانییە چەمکی دەوڵەت لە هۆشی هاوڵاتیدا پێناسە دەکاتەوە. دەوڵەت لەبری ئەوەی وەک گەرەنتی بۆ مافەکان سەیر بکرێت، بەڵكو وەكو باج وەرگر یان ئامێرێکی سەرکوتکەر،یان دابەشکەرێکی هەڵبژێردراوی یارمەتییەکان کورت دەکرێتەوە. "پیێر بۆردیۆ "، لە شیکارییەکانیدا بۆ "کشانەوەی کۆمەڵایەتی دەوڵەت"، ئاماژەی بەوە کردووە، کە وەرینی خزمەتگوزارییە گشتییەکان نەک هەر بۆشایی ماددی دروست دەکات بەڵکو بۆشایی ڕەمزیش دروست دەکات، کە هاووڵاتییان هەست بە پەراوێز خستن و بێبەشبوون لە کەرامەت دەکەن، ئەمەش هەستی نەهامەتی قووڵتر دەکاتەوە تەنانەت لەنێو ئەو کەسانەش کە لە ژێر هێڵی هەژاری فەرمیدا ناژین. دووبارە بوونەوەی ئەم گوتارە کاریگەرییەکی کەڵەکەبوو لەسەر هۆشیاری بەکۆمەڵ بەرهەم دەهێنێت. بە تێپەڕبوونی کات توانای خەیاڵکردنی بەدیلەکانی عەقڵانی دەڕوخێت و خەیاڵی سیاسیش ئیفلیج دەبێت. ئەم دۆخە بە "هەژاربوونی خەیاڵی گشتی" وەسف دەكرێت، کە بیرکردنەوە لە گۆڕانکاری دەبێتە هاوواتای مەترسی و داوای مافەکان وەک ڕەفتارێکی نابەرپرسیارانە هەست پێدەکرێت. بەم شێوەیە زمانی چاکسازی بە زمانی هۆشداری، و لێپرسینەوە بە سوپاسگوزاری کە “بەس نیە خراپترین شت ڕووی نەداوە” جێگەی دەگرێتەوە. توندوتیژی ڕەمزی پەیوەستە بە دەسەڵات و باڵادەستی و کایەی کۆمەڵایەتییەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەوڵەت لە ڕێگەی کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرمی و شەرعی (میدیا، ئایین، پەروەردە، هونەر، ڕۆژنامەگەری و هتد)، توندوتیژی ڕەمزی بەرامبەر تاک و گروپەکان ئەنجام دەدات. ئەم جۆرە توندوتیژییە مەترسیدارترە لە توندوتیژی جەستەیی. لەم بارەیەوە "پیێر بۆردیۆ " دەڵێت: "توندوتیژی ڕەمزی دەتوانێت ئەنجامێکی باشتر لە توندوتیژی سیاسی و پۆلیسی بەدەستبهێنێت"، ئەم پرسە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە بۆ ئەو مشتومڕە فیکرییەی کە ئایا دەسەڵات لە خوارەوە سەرچاوە دەگرێت یان نا، وە ئایا تاکی کۆنترۆڵکراو ئارەزووی ئەم دۆخە سەپێندراوە دەکات یان نا. دواجار "پیشەسازی نەهامەتین شکستێکی بەڕێکەوتی حکومەت نییە، بەڵکو بەرهەمی یارییەکی ئاڵۆزە لە نێوان سیاسەتە ئابوورییە بە ئەنقەستەکان و پێکهاتەی دەسەڵات و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە گێڕانەوەی فەرمی بەرهەم دەهێننەوە . هەروەها واقیعێکی کۆمەڵایەتییە کە لە ڕووی سیاسییەوە دەقۆسریتەوە. شکاندنی ئەم خولە نەک هەر لە باشترکردنی نیشاندەری ئابوورییەوە دەست پێدەکات، بەڵکو لە گەڕاندنەوەی ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و بنیاتنانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیش کە خۆشگوزەرانی خەڵک بکاتە پێوەرێک بۆ شەرعیەت، نەک بارگرانییەک کە دەسەڵات هەوڵی بەڕێوەبردن یان دواخستنی بدات. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.