ئایا ئێرانی پێش دوێنێ، هەمان ئەو ئێرانەیە كە ئەمڕۆ دەیبینین؟

عەبدولڕەحمان راشد

2 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕیاردان كەمێك خێرا بێت، چونكە هێشتا دانوستانەكان دەستیان پێنەكردووە و كەشتیگەلەكانی ئەمریكاش لە ناوچەكە نەكشاوونەتەوە، ئاگربەستەكەش تەنیا بۆ دوو هەفتەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئەگەرێكی زۆر ئێران گۆڕاوە؛ ئەمەش بەهۆی دوو فاكتەری سەرەكی: شەڕ و ئاشتی.
ئەو ئاگربەستەی ترەمپ بەرەبەیانی دوێنێ ڕایگەیاند، بەرهەمی گۆڕانكارییە لە ناو سەركردایەتی ئێران و ئەو سیاستە نوێیەی كە لە داهاتوودا پەیڕەوی دەكات.
شەڕی ئەم دواییە پرۆسەكەی خێراكرد و تارانی پاڵپێوەنا بەرەو ئەو گۆڕانكارییەی كە ترەمپ باسی دەكرد. ئەو هەڵە نەبوو كاتێك وتی لە ئێراندا "سیستەمێكی نوێ" هەیە، چونكە سەركردایەتی دەوڵەت گۆڕاوە بەهۆی زنجیرەیەك تیرۆركردن كە گەیشتە لوتكەی هەڕەمەكە و كۆتایی بە سەردەمی عەلی خامنەیی هێنا.
لە ماوەی ٣٨ ڕۆژدا، ئێران ڕووبەڕووی شتێك بووەوە كە لە ماوەی ٣٨ ساڵدا نەیبینیبوو.
ئەم جەنگە بۆ ئێران جیاواز بوو؛ ململانێ نەبوو لەسەر هەژموون لە سوریا و لوبنان، بەڵكو شەڕی "مان و نەمان" بوو. ڕژێمەكە بۆ مانەوەی خۆی تێدەكۆشا، هەربۆیە وەك كەسێكی خنكاو دەستی بۆ هەموو ئەگەرێكی بچووك دەبرد.
قۆناغی گۆڕانكاری لە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی دەستی پێكرد. ئەوە یەكەم فیشەك بوو و دوای ئەویش زنجیرەیەك ڕووداو و شەڕ هاتن كە هاوسەنگی ڕژێمەكەیان بە تەواوی تێكدا.
شەڕەكە وەستاوە بەڵام كۆتایی نەهاتووە؛ چاوەڕێی واژۆی هەردوولاین لەسەر ڕێككەوتنێك كە هەموو بڕگەكانی ڕابگەیەنرێت. ئەو كاتە دەبێتە مێژووی كۆتاییهاتنی پڕۆژە سەربازییەكەی ئێران و كۆتایی ململانێی نیو سەدە.
تاران پێیوایە پڕۆژەیەك هەیە بۆ گۆڕینی ڕژێمەكە، بۆیە هەموو جۆرە گرەنتییەك دەوێت بۆ ڕێگریكردن لەو مەترسییانەی لە داهاتوودا چاوەڕێی دەكەن. ئەگەر پڕوپاگەندەی "سەركەوتن" وەلا بنێین، دەبینین تاران لە كەمتر لە ساڵێكدا دوو شەڕی ڕاستەوخۆی بەسەردا سەپێنرا. ئامانجی واشنتۆن سەركەوتنێكی سەربازی و سیاسییە كە قۆناغی ٥٠ ساڵەی "تەوەرەی شەڕ" دابخات.
ترەمپ باسی گۆڕانكاری گەورەی كرد و وتی ئەمریكا ڕۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت لە ئاوەدانكردنەوەی ناوخۆی ئێراندا. ئەمە سەرەتایەكە بۆ ئەو ڕێككەوتنە گەورانەی كە ئێرانییەكان پێشنیاریان كردووە، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانكارییە نوێیەیە كە لە تاران ڕوویداوە.
هێشتا بڕێك تەقەمەنی بۆ چەند هەفتەیەك ماوە ئەگەر شەڕ دەستپێبكاتەوە، بەڵام هاوسەنگی هێز زۆر زوو یەكلایی بووەوە. ڕەنگە ئەم ڕاستییە لە بەیاننامەكانی "سەركەوتن"ی تاراندا بەدی نەكرێت؛ چونكە زمانی گوتار بۆ ناوخۆی ئێران زۆر هەستیار و مەترسیدارە. ئێرانییەكان هەموو ئەو شتانەی لە توانایاندا بوو تاقیان كردەوە. پێش شەڕ، وەفدی ئێران بە سەرۆكایەتی "عەباس عێراقچی" بە سێ كارتی بەهێزەوە چوونە جنێف: بەرنامە ئەتۆمییەكە، توانای موشەكی، و گروپە چەكدارەكانی ناوچەكە.
بەڵام كاتێك دانوستانەكان شكستیان هێنا و شەڕ دەستی پێكرد، ئێران هەر سێ كارتەكەی دۆڕاند. ویستی بە داخستنی "گەرووی هورمز" قەرەبووی بكاتەوە، بەڵام هێرشەكان بۆ سەر ناوخۆی ئێران هەر نەوەستان.
دواین كارتی تاران "دانوستانە"، كە تەنیا پەردەیەكە بۆ داپۆشینی ڕاستییەكان؛ دانوستان بۆ ڕاگەیاندنی سەركەوتنێكی راگەیاندنی، كە لە پشتەوە خۆبەدەستەوەدانی شاردووەتەوە. گرێكوێرەی دانوستانەكانیش داواكاری "گرەنتی" دەبێت، لە بەرامبەر داواكارییە مێژووییەكەی ئەمریكا كە دەڵێت: دەبێت ئێران بە تەواوی بگۆڕێت.
بێویستی تاران بە "كەفیل و گرەنتیكەر" وەك كلیل دەمێنێتەوە، چونكە متمانەیان بە ئیدارەی ترەمپ نییە؛ پێیان وایە نەتانیاهۆ پلانی هەیە شەڕ دەستپێبكاتەوە تا ئەو كاتەی بارودۆخی ناوخۆی ئێران بە تەواوی دەگۆڕێت. بەرپرسانی ئێران نموونە بە "حەماس" دێننەوە و دەڵێن: حەماس لە دانوستانەكاندا هەڵخەڵەتێنرا، كاتێك هەموو بارمتەكانی لەسەر بنەمای بەڵێنەكانی ترەمپ ڕادەست كرد، بەڵام لە كۆتاییدا ئیسرائیلییەكان سێیەكی كەرتی غەززەیان داگیركرد.
ئەمە ئەركی هێزە گەورەكانە؛ ڕەنگە "چین" ببێتە ئەو گرەنتیكەرە، چونكە پەكین پێویستی بەوەیە بەشدار بێت لە هەر گۆڕانكارییەكی ستراتیژیدا. چین دەیەوێت ڕێگری بكات لەوەی ئێران لە "سەنتەری پشێوی دژی ئەمریكا"وە، بگۆڕدرێت بۆ "بنكەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین" لە داهاتوودا.
لە كۆتاییدا.. ئایا ئێران دەبێتە "ڤەنزوێلا"یەكی نوێ لە ناوچەكەدا؟
تا ڕادەیەك بەڵێ.. چونكە وا دیارە ڕێككەوتنێكی نەبینراو هەیە لەسەر ئەنجامدانی "گۆڕانكاری".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group