با دوای روداوەكان نەكەوین، دەوڵەت نەتەوە چۆن پوكایەوە؟

عومەر عەلی

06/08/2019

لە رۆژی 2-8-1990 حكومەتی عیراقی ئەوكاتە پەلاماری كوەیتی داو داگیری كرد، بە خەیاڵی خۆی نۆزدەهەمین پارێزگای عیراقە. سەدام حسَین روحێكی ستالینی هەبوو باوەڕی بەحوكمی دیكتاتۆری بوو، بۆیە بە ئاسانی نەیارەكانی پاكتاو دەكرد.
سەدام خۆی بە دایكی نەتەوەی عارەب دەبینی پێی وابوو دنیای عەرەبی لەژێر بڕیاری ئەودابێت.
لە هەلومەرجی حكومرانی بەعس دا . هەل و مەرجی سیاسی جیهانی جیاوازبوو ، دابەشبوونی دنیا بەسەر دوو جەمسەردا وای كردبوو لە ئاست هەندێ روداوەكان دنیا بێ دەنگ بێت . بەتایبەت لە كۆمەڵكوژی كورداندا دنیا لێی بێ دەنگ بوو .
سەدام و رژێمەكەیان ئەم بێ دەنگیان بەهەل زانی و هەربۆیەش دوای چەدین كۆمەڵكوژی كوردان وەك هەڵەبجە و ئەنفال پەلاماری كوەیتیان داو لە كوەیتیش كۆمەڵكوژیان ئەنجامدا و ئەمە بۆ ترساندنی وڵاتانی دیكەی عەرەبی و كپ كردنەوەی كێشە ناوخۆیەكانی بوو كە بەنیازبوو دەست بۆ وڵاتانی دیكەش بەرێ .
سەدام و رژێمەكەی چۆن تێكشكان؟
كرنگترین بابەتێك خوێندنەوەی زانستی سیاسەتی جیهانیە ، بۆ ئەوەی لە گۆڕ ئەو سیاسەتە كار و بڕیاربدرێت و سیاسەت بكرێت .
هەر لەو ساڵەدا وەرچەرخانێكی گەورە لەسیاسەتی جیهانی دا رووی دا كە كۆتایی هاتنی دنیای جەمسەرگیری بوو . بەم گۆرانكاریەش دنیا لەبەردەم ئەمریكادا تەخت بوو بۆ دەست تێوەردان لە هەموو وڵاتانی دنیادا بكات كە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و بەهاری عەرەبیش دەرهاویشتەی هەمان سیاسەتی تاك جەمسەری دنیابوو.
لەوێوە ئەمریكا گرنگی بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین دا كە لە زۆر رووەوە تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە .
ئەمە هۆكارێك بوو بۆ دەرپەراندنی حكومەتی عێراق لە كوەیت و ئاوابوونی خۆری دەسەڵاتی ئەو رژێمە. هەر لەو كاتەوە هەندێ كات پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە دەبێتە جێگەی قسە و باس.
ئەم پرۆژە دنیایەكی نوێیە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ناوچەكەدا بە بچوككردنەوەی رژێمە هەژمونگەراكانی ناوچەكە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكادا كە وادەخوازێ. لە هەمان كاتدا لێدانە لە دەوڵەتی تاك نەتەوە و حكومەت و بڕیاری تاكە كەس، ئەمەش ئاسۆی بەدیهاتنی ماف و ئازادیەكانی نەتەوە و كەمە نەتەوەكانی دیكەیە لە چوارچێوەی وڵاتە هەژمون گەراكاندا دەخاتە روو .
 دروستبوونی ڕێكخراوی قاعیدە، داعش جۆرێك لە سیناروێ بوون لەگەمەی سیاسی نێو دەوڵەتی دا بۆ رێگری لەو پرۆژەیە و زیندو هێشتنەوەی دەوڵەت نەتەوە . هەربۆیەش عێراق و سوریا چەقی ئەو گۆڕانكاریەبوون بۆ پێشخستنی ئەو پرۆژەیە لە عێراق و سوریاش دا ناوچە كوردیەكان جوگڕافیایەكی گرنگن و لە هەمان كاتدا هەل و مەرجی ئەو ناوچانە لەبارترە بۆ پێشخستنی ئەو پرۆژەیە هەربۆیە ئەمریكا گرنگی بەم ناوچەیە ئەدات هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو لەكاتی دروسبوونی داعش لەبری ئەوەی پەلاماری بەغدا و دیمەشقی بدایە كە سەنتەری مەزهب گەرایی دژی داعش بوون ، كەچی پەلامارەكانیان لەسەر هەرێمی كوردستان و كانتۆنەكانی رۆژ ئاوای كوردستان چڕدەكردەوە . لەم تێڕوانینەوە گرنگترین هەڵەی ستراتیجی كورد ئەنجام دانی ریفراندۆم بوو كە لەگەڵ سیاسەتی نوێی جیهانی و بەرژەوەندی زلهێزەكاندا یەكی نەدەگردەوە . پێویستە گەلی كورد ئەوە بزانێت دەوڵەت نەتەوە لە گەڵ  سەدام حسین و رژێمەكەی دا كۆتایی پێهات كەوابوو ناكرێت هەستی نەتەوەیی بریاری هەڵەمان پێ بدات و بۆ دوای روداوەكان بمانگەڕێنێتەوە .گەر لەم قۆناغەش دا چارەسەری كێشەكانمان و ماف و ئازادی گەلەكەمان لە پێكهاتنی دەوڵەت نەتەوەدا ببینین ئەوا ئەبێت لەم قۆناغەش دا بكەوێنە مێژوویەكی شكست خواردووە و بێ هیچ چارەسەریەك ئەم قۆناغەش بەسەرماندا تێپەڕێ .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group