دەستەی دەستپاكیی عێراق: لە ئەنبار رێگریمان لە بەهەدەردانی 34 ملیار دینار كرد

3 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
دەستەی دەستپاكی عێراق رێگری لە بەهەدەردانی زیاتر لە 34 ملیار دیناری سامانی گشتی كرد كە هەوڵدرابوو زەوییەكی حكومیی گرانبەها بە نرخێكی زۆر كەم بفرۆشرێت.
دەستەی دەستپاكیی عێراق رایگەیاندووە، لە پارێزگای ئەنبار هەوڵدرابوو زەوییەكی حكومیی 136 دۆنمیی سەر رووباری فورات، كە بەهای راستەقینەكەی زیاتر لە 37 ملیار دینارە، لەلایەن فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتەوە بە تەنها سێ ملیار دینار بخەمڵێندرێت و بە بڕێكی زۆر كەمتر لە نرخەكەی بفرۆشرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای دەركەوتنی جیاوازیی بەهای زەوییەكە، دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پڕۆسەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی موڵكەكە.
لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵ نوێنەرە یاساییەكانی فەرمانگەی خانوبەرە و تاپۆی ئەنبار بەردەوامە تاوەكو سەرجەم تێوەگلاوانی ئەم دۆسیە روبەڕووی یاسا بكرێنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group