ئەحمەد شەرع: جۆلان خاكی سوریایە و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دانپێدانراوە
36 خولەک پێش ئێستا جیهان
نەوا-
ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی ئەتڵانتیك لە نیویۆرك پەردەی لەسەر گفتوگۆیەكی نێوان خۆی و دۆناڵد ترەمپ لادا و ئاماژەی بەوەكرد، بە شێوەیەكی گاڵتەجاڕی بە ترەمپی وتوە لەبری خاكی جۆلان كە هی سوریایە، ویلایەتی نیوجێرسی بدات بە ئیسرائیل.
شەرع جەختی كردوەتەوە، كە جۆلان خاكی سوریایە و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەكان دانپێدانراوە، بۆیە هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا یان سوریا مافی ئەوەیان نییە دەستبەرداری ببن.
سەرۆكی سوریا پەیوەندییەكانی خۆی و ترەمپی بە "تایبەت" وەسف كرد و ستایشی بڕیارە مێژوییەكەی ترەمپی كرد بۆ هەڵگرتنی سزاكان لەسەر سوریا.
شەرع ئاشكرایكرد ، دیمەشق ماوەی نزیكەی ساڵێكە دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام هەندێك جار ڕێككەوتنەكە نزیك دەبێتەوە و لە دوا ساتدا ئیسرائیل پاشەكشە دەكات.
وتیشی، كاری لە پێشینەی سوریا كشانەوەی ئیسرائیلە بۆ ئەو هێڵانەی ساڵی 1974 كە پێشتر هەیبوە، ئەوەش پێش ئەوەی بچنە ناو وردەكاریی ئەمنی و ئاشتیی هەمیشەیی.
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا دەڵێت، خاوەندارێتی جۆلان جێگەی گفتوگۆ نییە، ئێمە دەمانەوێت ئیسرائیل لەو ناوچانە بكشێتەوە كە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشو كۆنتڕۆڵیكردون، پاشان ئامادەین بۆ تاوتوێكردنی ڕێككەوتنی ئاشتی.