نەوا-
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عیراق لەكۆشكی بەغداد پێشوازی لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندی یاوەری كردو لەمیانی دیدارەكەدا پەیوەندییە دوقۆڵیەكانی نێوان عیراق و توركیا و چۆنیەتی بەرزكردنەوەی هاریكاری هاوبەشیان لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ كرد.
سەرۆك كۆماری عیراق لە دیدارەكەدا ئاماژەیكردوە، بەڕێوەچونی 52هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كە بەغداد میوانداریی دەكات، وێستگەیەكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی كاری هاوبەش و تیشكیشی خستە سەر ئەو هەلومەرجەی كە ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، هەروەها پشتیوانی عیراقی بۆ پرۆسەی ئاشتی بەردەوام لە توركیا دوپاتكردەوە و جەختی لە گرنگی بەردەوامی هەوڵەكان كردەوە بۆ پتەوكردنی ئاشتی و گرتنەبەری دیالۆگ و لێكتێگەیشتن وەك رێگەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.
هەر لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەپەرۆشی وڵاتەكەی كرد بۆ بەرزكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ عیراق بۆ ئاستێكی فراوانتر، ئاماژەی بە گرنگی چالاككردنی رۆڵی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی كرد لە روبەڕوبونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی كە روبەڕووی وڵاتانی ئەندام دەبنەوە.