نەوا-
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، هەریەك لە "یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال" و "یەكینەكانی پاراستنی ژنان" لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتدا تێكەڵ بوون.
جەختیشیكردەوە، ئەمەش دەستكەوتێكی ئەمنیی گەورەیە و لە دوای خۆیدا پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان دەستپێدەكات، بەتایبەت كە پارێزگاری نەینەوا بەڵێنی داوە گرنگی و تایبەتمەندی بە دۆسیەی شنگال بدات.
سەباح نوعمان سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنقەرە لە ناوچەكەدا باسی لەوەكرد، توركەكان پاساویان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەهێنایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت رێگری لە بوونی هەر چەكێك دەكات لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمی، و بڕیاری جەنگ تەنها لە دەستی دامەزراوە دەستوورییەكاندا دەبێت، ئەمەش رێگە لە هەموو ئەوانە دەگرێت كە پاساو بە نەتوانینی بەغدا لە كۆنترۆڵكردنی چەك دەهێننەوە و راستەوخۆ دەچێتە خزمەت هەوڵەكانی حكومەت بۆ كۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی توركیا.