وتەبێژی حكومەتی عیراق: شوێنی دەستكاریكردنی بۆرییە نەوتییەكان ئاشكرا كراون

14 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندوە، دۆسیەی جورف نەسر چەندین ساڵە وەك دۆسیەیەكی داخراو باس دەكرێت، بەڵام حكومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاساییەكانی و بەرپرسیارێتی دەستوری لەپاراستنی سامانی گشتیدا رێكاری بۆ بەدواداچونی گومانەكانی بەقاچاخبردنی نەوت گرتوەتەبەر.
عەبودی ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوە پشكنینی بۆ شەش شوێن كردوەو چوەتە شوێنە دیاریكراوەكانی ناو راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری، دەستكاریكردنێكی رونی لە بۆرییە نەوتییەكانی ناوچەكەدا تۆمار كردوە سەرەڕای هەوڵدان بۆ داپۆشین و شاردنەوەی شوێنەواری ئەو دەستكاریكردنە، هاوكات هەبونی دوو پاڵاوگەی لەگەڵ تانكەرێك و كۆگاكانی هەڵگرتن لە ناوچەكەدا دەستنیشان كردوە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق ئەوەشی خستەڕو، راسپاردەكانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان تەنیا بە ناوچەیەكی دیاریكراوەوە نەبەستراونەتەوە بەڵكو هەمو ئەو ناوچانە دەگرنەوە گومانی بەقاچاخبردنی نەوتیان تێدا دەستنیشان كراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group