ئێران بەشێك لە چالاكیە ئەتۆمەكانی دەستپێدەكاتەوە

15/05/2019 جیهان
یەكێك لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران

دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران ئاشكرای كرد، كۆتاییان بە پابەندبوون بە ئاستی دیاریكراوی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوەی نەتەنز و بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە دامەزراوەی ئەراك هێناوە.
میدیاكانی ئێران لە زاری بەرپرسانی دامەزراوەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە بڵاویان كردەوە، چیتر بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی قورس و پیتاندنی یۆرانیۆم پابەندی ئەو رێژەیە نابن كە لە رێككەوتنی ئەتۆمی سنوردار كرابوو، ئەمەش لە چوارچێوەی راسپاردەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران.
جێی باسە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی پێنج كۆیەك، كە ئەمریكا لێی كشاوەتەوە، ئێران رێگەی پێدرابوو تەنها 300 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە چڕی كەم و 130 تۆن ئاوی قورس لە ناوخۆی وڵاتەكەی بهێڵێتەوە و زیادەكەشی رەوانەی دەرەوە بكات.
لە رۆژانی رابردوودا حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتانی تری بەشدار لە رێككەوتنی ئەتۆمی 2 مانگ دەرفەتیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پابەندبوونەكانی خۆیان لە كڕینی نەوتی ئێران و كردنەوەی كەناڵێكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بخەنەگەڕ، بەپێچەوانەوە دوای ئەو ماوەیە تاران لەبەشێك لە پابەندبوونەكانی خۆی بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەكشێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group