نرخی نەوت بەرز بوەوە

16/05/2019 جیهان

نەوا
بەهۆی گرژیەكانی ناوچەی كەنداوەوە، نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەی بەخۆیەوەبینی و یەك بەرمیل خاوی برێنت لەسەروو 72 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت.
بەپێی راپۆرتە ئابوریە جیهانییەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە نرخی نەوتی خاو بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و یەك بەرمیل خاوی برێنت بەرانبەر 72 دۆلار و 3 سەنتە، هەروەها بەرمیلێك خاوی ئەمریكی بە 62 دۆلار و 29 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت و یەك بەرمیل خاوی ئۆپێكیش بەرانبەر 71 دۆلار و 26 سەنتە.
شارەزایان ئاماژە بەوەدەدەن هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ گرژیەكانی ناوچەی كەنداو دەگەڕێتەوە، كە یەكێكە لەسەرچاوە سەرەكییەكانی دابینكردنی نەوت لە جیهاندا، وەك گرژیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هێنانی هێزی ئەمریكی بۆ كەنداو، هەروەها سزای ئابوری بۆ سەر كەرتی ئێران كە بەتەواوەتی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی وشك كردوە، سەرەڕای ئەوەش ئەمریكا سزای ئابوری بەسەر ڤێنزوێلادا سەپاندوە و شەڕیش لە لیبیا بەردەوامە، كە دوو وڵاتی سەرەكی هەناردەی نەوتن.
لەچەند رۆژی رابردودا ژمارەیەك كەشتی بازرگانی لە نزیك ئەمارەتی فەجیرەی ئیمارات، كە دەكەوێتە نزیك گەرووی هورمز روبەڕوی تێكدان بونەوە، كە دوو كەشتی نەوتی سعودیەی تێدابوو، سەرەڕای ئەوەش لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشكرایەسەر دوو كێڵگەی نەوتی سعودیە و هەناردەی بەشێك لەنەوتی ئەو وڵاتە راگیرا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group