لەسەر رێوڕەسمەكەی پەرلەمانی كوردستان داوای رونكردنەوە لە هەرێم دەكرێت

11/06/2019 عێراق
نێچیرڤان بارزانی لەكاتی سوێندخواردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم

نەوا
عەلی غانمی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات رونكردنەوە بدات لەسەرئەوەی بۆچی لەكاتی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم سرودی نیشتمانی عیراق لێنەدراوە.
غانمی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی "لەكاتێكدا پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەكەین بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هیوادەخوازین بەوهۆیەوە پەڕەیەكی نوێ‌ لە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر هەڵبدرێتەوە و كێشەكانی پێشوو دابدرێنەوە و لەچوارچێوەی یەك دەوڵەتدا كاربكەین".
وتیشی "لێنەدانی سرودی نیشتمانی عیراقی لەكاتی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەیرە و چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت". داواش لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكات لەبەیاننامەیەكدا هۆكارەكانی رونبكاتەوە، كە بەهەڵە بووە یان هۆكاری دیكەی لەپشتەوە بووە بەتایبەتی هەموومان لەچوارچێوەی عیراقێكی یەكگرتووی ئیتیحادیدا دەژین.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە هەرێمی كوردستان هۆكاری تەواوەتی ئەو شكستهێنان و هەڵەیە رونبكاتەوە.
رۆژی دووشەممە 10-6-2019 نێچیرڤان بارزانی بەئامادەبوونی چەندین كەسایەتی ناوخۆیی و عیراقی و جیهانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group