پەرلەمانتارێك هۆكاری هێرشە ئاسمانییەكانی سەر سەربازگەكانی عیراق ئاشكرا دەكات

21/08/2019 عێراق

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، پێشێلكاریە بەردەوامەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی عیراقدا بۆ ئەوەیە دەیەوێت عیراق ناچار بكات سیستمی "پاتریۆت" بكڕێت، كە لە چەندین دەوڵەتی دیكە شكستیهێناوە.
حەسەن فەدعم ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر لیستی ئیئتیلافی حیكمە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "قەدەغەكردنی فڕین بەسەر خاكی عیراقدا بەبێ‌ رەزامەندی سەرۆك وەزیران چەندین كۆسپ دێنە بەردەمی، یەكەم: هێزی بەرگریی ئاسمانی عیراق توانای رێگرتنی نییە لە پێشێلكارییەكان. دووەم: پێمانوایە تائێستا بڕیاری سیاسی عیراقی توانای ئەوەی نییە روبەڕوی بڕیارەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ببێتەوە".
وتیشی "پێمانوایە فەرماندەی هێزە چەكدارەكان توانای ئەوەی نییە بەڕوی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی دیكەدا بوەستێتەوە، هەروەك وای دەبینین پێشێلكارییەكانی واشنتۆن بۆئەوەیە عیراق ناچاربكات سیستمی بەرگری موشەكی "پاتریۆت"ی ئەمریكی بكڕێت، كە لە چەندین وڵاتدا شكستیهێناوە".
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە، بۆچونیان ئاشكرایە لەسەرئەوەی پێویستە بەرگریی ئاسمانیی عیراق بە سیستمی بەرگریی "S – 400"ی روسی یان سیستمی "خرداد"ی ئێرانی پڕچەك بكرێت، كە ئەویش سەركەوتنی بەدەستهێناوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group