قائیم.. لە هێرشێكی ئاسمانیدا دوو ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج

25/08/2019 عێراق

نەوا
لە ئەنجامی بۆردومانی دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نەناسراو لە نزیك قەزای قایم لەسەر سنوری عێراق و سوریا، دوو ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج بو هۆیەوە دوو چەكداری ئەو هێزە كوژران.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنباری حەشدی شەعبیش لە راگەیێندراوێكدا باسی لەوەكردووە، دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نادیار خاڵێكی لیوای 45ی حەشدی شەعبیان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار لەنزیك سنوری نێوان عێراق و سوریا بۆردوومانكردووە و بەهۆیەوە دوو چەكداری لیوای 45ی حەشدی شەعبی كوژراون و ژمارەیەكی دیكە برینداربوون و دوو ئۆتۆمبێلیش سووتاون.
لیوای 45 حەشدی شەعبی لەراگەیێندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو كارە بەڵگەیە لەسەر هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی.
پێشتریش ژمارەیەك بنكە و كۆگای حەشدی شەعبی لە دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا كرابوونە ئامانج و ئیسرائیلیش بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتباركرابوو، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بەشداری خۆی لەو هێرشانە رەتنەكردۆتەوەو ناراستەوخۆ دانیان بەوەداناوە كە ئێران و هێزەكانی نزیك لە تاران لەهیچ شوێنێك پارێزراو نین و دەیانكەنە ئامانج.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group