وردەكاری گەڕاندنەوەی شاندی ئێران لە ئەمریكا بڵاوكرایەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
ماڵپەڕی ئەكسیۆس لەزاری بەرپرسێكی ئەمریكاوە بڵاویكردوەتەوە، كۆشكی سپی لەو باوەڕەدابوە دانوستانەكانی لەگەڵ ئێران پێشكەوتن بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئێستا باوەڕی وایە كە دانوستانەكان لەگەڵ ئێران گەیشتونەتە بنبەست ئەمەش هۆكار بوە بۆئەوەی ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوا لە عیراقچی و شاندی یاوەری بكات دەستبەجێ نیویۆرك جێبهێڵن كە بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەو وڵاتە بون.
ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: شاندەكەی ئێران دوای ئاگادار كردنەوەیان بەچەند كاتژمێرێك چوەتە فڕۆكەخانەو بەرەو دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێكەوتوە، ئەمەش لەكاتێكدا شاندی ئێران بەنیازبون تا 30/9 لەوێ بمێنێتەوە بۆ دانوستان لەبارەی گەروی هورمز، كۆتاییهێنان بە شەڕو پێكادانەكان و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران.
ئەم لێدوانە لەكاتێكدایە نوێنەرایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە راگەیەنراوێكدا رەتیكردەوە كە شاندی وڵاتەكەی ناچاركرابن ئەمریكا جێبهێڵێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group