هەژارترین پارێزگای عیراق كوێیە؟

19/09/2019 عێراق

نەوا
نوسینگەی مافی مرۆڤ لە پارێزگای زیقاری باشوری عیراق ئاشكرایكرد، لەناو پارێزگاكانی عیراقدا زیقار بەرزترین رێژەی هەژاری تێدایە، سەرەڕای ئەوەش هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی هەژاران.
داخل عەبدولحسێن بەڕێوەبەری نوسینگەی زیقاری مافەكانی مرۆڤ لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردوەتەوە، زیقار بەرزترین رێژەی هەژاری لەناو پارێزگاكانی عیراقدا تۆماركردوە، بەگوێرەی سەرژمێرییەك %43.3ی دانیشتوانی پارێزگاكە لەژێر هێڵی هەژاریەوەن، كە لە بێكار و كاسب و كرێكار و چەند چینێكی تر پێكدێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێژەكە زۆر بەرزەو ئەوەش رێگرە لەبەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی خێزانەكانی پارێزگاكە، بۆیە داوا لە حكومەتی خۆجێی زیقار دەكات بەرنامەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە دابنێت. پێشی وایە پێویستە داواكاری جدی هەبێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی دانیشتوان ئەویش لەرێگەی دانانی بەرنامەو سیاسەتی ئاشكراو روونەوە دەبێت.
بەڕێوەبەری نوسینگەی زیقاری مافەكانی مرۆڤ باسی لەوەشكردوە، پێویستە هەوڵەكانی حكومەتی ناوەندی و حكومەتی خۆجێی چڕبكرێنەوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە بۆ كۆتاییهێنان بەكێشەی نیشتەجێبون و دامەزراندن و دابینكردنی بژێوی بۆ خێزانە هەژارەكان لە رێی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group