زەین عابدین بن عەلی، سەرۆكی پێشوی تونس كۆچی دوایی كرد

19/09/2019 جیهان

نەوا
زەین عابدین بن عەلی، سەرۆكی پێشوی تونس، كە لەسەردەمی حوكمڕانی ئەودا گەنجێك لە تونس ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو بەدوایدا شۆڕشی بەهاری عەرەبی سەریهەڵدا، كۆچی دوایی كرد.
زەینەلعابدین بن عەلی‌، ساڵ 1936 لە دایكبووە و لە ساڵی 1987ەوە تاوەكو 2011 وەك سەرۆك كۆماری‌ حوكمی تونسی كرد و وەك یەكەم وڵات بەهاری‌ عەرەبی لە تونسەوە دەستیپێكرد، بەگوێرەی زانیارییەكان، بن عەلی لەتەمەنی 83 ساڵیدا و بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كردوە و ماوەی سێ مانگە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی ریازی پایتەختی سعودیە چارەسەر وەردەگرێت.
پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە 14ی كانونی دوەمی 2011، زەین عابدین بن عەلی و خێزانەكەی ( لەیلا بن عەلی و سێ منداڵ)  لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا رویانكردە سعودیە و وڵاتەكەیان بەجێهێشت.  
مانگی‌ رابردووش قاید باجی سبسی، سەرۆكی تونس كۆچی دواییكرد و لە ئێستادا پرۆسەی هەڵبژاردنی لەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بەڕێوەدەچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group