وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە 4 ملیۆن بەرمیلە
37 خولەک پێش ئێستا عێراق
نەوا-
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێكدا روونكردنەوە لەبارەی ئەو قسانە دەدات كە باس لە گەیشتنی ئاستی هەناردەكردنی نەوتی خاوی عێراق بە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دەكەن و رایدەگەیێنێت، ئەو بڕە تەنیا بۆ یەك رۆژ بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو بڕە نەوتەی لە یەك رۆژدا هەناردە كراوە، لە ئەنجامی ئەوە بووە كە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕێك نەوتی خاوی لە دەرەوەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە كردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، كەشتییەكە نەوتی خاوی كێڵگەی گەیارەی باركردبوو، ئەمەش جگە لەو بڕەی دیكە كە بۆ فرۆشتن و هەناردەكردن لە بەندەرەكانی باشوور و دەروازەی باكوورەوە ئامادە كرابوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشكردوە، تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی ئەیلوولدا تاوەكو كاتی ئامادەكردنی ئەم روونكردنەوەیە، نزیكەی 2 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، باس لەوەش دەكات، ئەم بڕە ئەگەری گۆڕانكاریی هەیە بەپێی ئەو بڕەی پێشبینی دەكرێ لە رۆژانی داهاتووی ئەم مانگەدا بە كردەیی هەناردە بكرێ.
لە كۆتایی راگەیێندراوەكەدا، وەزارەتی نەوت ئەو بڕە هەناردەیە بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ وەزارەتەكەیان لە قەڵەم دەدات، بەتایبەتی لە سایەی دۆخی ئێستا و بەردەوامیی داخستنی تەنگەی هورمز.