وەزیری ئەوقاف داوای سنوردانان بۆ پەخشی دراما بیانییەكان دەكات

24/09/2019

نەوا
وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بڕوایەدایە دراما بیانیەكان هۆكاری سەرەكی هەڵكشانی جیابوونەوەی هاوسەرانن، بۆیەش داوادەكات پەخشكردنی ئەو درامایانە سنوردار بكرێن.
پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف لەنوسراوێكدا كە ئاراستەی وەزارەتی رۆشنبیری كردووە، بەدواداچوونیان كردووە و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جیابوونەوە (تەڵاق)، پەخشكردنی زنجیرە درامای دۆبلاژكراوی بیانییە، بەتایبەتیش توركییەكان و بە هەموو پێوەرێك دوورن لە ئاداب و كولتووری كوردەواری.
لەو نووسراوەدا، پێشنیازی ئەوەش كراوە، كە پەخشكردن و نمایشكردنی سەرجەم دراما دۆبلاژكراوەكان لە تەلەفزیۆنەكان سنووردار بكرێن، بە شێوەیەك هەر درامایەك لەگەڵ ئادابی كوردەواری یەك نەگرێتەوە، رێگە بە پەخشكردنی نەدرێت.
لەو نووسراوەدا كە راگەیاندنی وەزارەت بڵاویكردووەتەوە، وەزیری ئەوقاف باس لەوەش دەكات، ئەم رێكارە دەبێتە هۆكاری پاراستنی خێزان و كەمكردنەوەی دیاردەی جیابوونەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group