رۆژنامەیەكی هۆڵەندی: فڕۆكەیەكمان لە بۆردومانێكدا 70 هاووڵاتی مەدەنی لە كەركوك كوشتوە

19/10/2019 جیهان

نەوا
رۆژنامەی "نێدەرلاند"ی هۆڵەندی لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردوەتەوە، لەساڵی 2015 فڕۆكەیەكی هۆڵەندی جۆری F16 بۆردومانی كارگەیەكی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعشی كردوە و بەهۆی ئەوەشەوە 70 هاووڵاتی مەدەنی كوشتوە، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەش ئامادەنییە هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو بابەتە بدات.
رۆژنامەی "نێدەرلاند" بڵاویكردوەتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان فڕۆكەیەكی هۆڵەندی جۆری F16 لە 3ی حوزەیرانی ساڵی 2015 بۆردومانی كارگەیەكی داعشی لە قەزای حەویجەی پارێزگای كەركوك كردوە و بەهۆیەوە 70 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
رونیشكراوەتەوە، بەهۆی بۆردومانەكەوە ناوچەیەكی نیشتەجێبون بەتەواوەتی وێران بوە، ئەوەش یەكێك بوە لە خوێناویترین هێرشەكان، كە لەلایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراوە.
لای خۆیشیەوە ئانك بیلیفیڵد وەزیری بەرگریی هۆڵەندا وتویەتی "ناتوانم لەوبارەیەوە لێدوان بدەم و هیوادارم لەماوەیەكی نزیكدا بتوانم، بەڵێن دەدەین شەفاف بین لەبارەی ئەو هێرشەوە".
هۆڵەندا یەكێكە لە وڵاتە بەشدارەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش و فڕۆكەكانی ئەو وڵاتە لەو شەڕەدا دوو هەزار و  100 بۆمبیان هەڵداوەتەخوارەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group