بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی: بەكارهێنانی سورەتی فەتح بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوا نائەخلاقییە

29/10/2019

نەوا
ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری سیاسیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان رەخنە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دەگرێت، كە سورەتی "فەتح"ی قورئان بەكاردەهێنێت وەكو بیانوی هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان و بەكافرزانینی كورد. ئەو كارەشی بە بەكارهێنانێكی نائەخلاقیی وەسف دەكات.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، كە هاوكات پەرلەمانتاری كوردستانە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەمیانی بەشداریكردنی لە گفتوگۆی "پانۆرامای نەوا"دا رایگەیاند، بەكارهێنانی سورەتی فەتح بۆ هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان و بەكافرزانینی كورد بەكارهێنانێكی نائەخلاقیانەی ئایینە بۆ پرسێكی سیاسی و سەپاندنی هەژمونی نەتەوەیەكی نەژادپەرستی وەكو تورك بەسەر نەتەوەی كورددا، كە داوای ماف و ئازادی و كەرامەتی خۆی دەكات.
هەڵەدنی رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا گرت و وتیشی "كەسێكە، كە خۆی وا لەقەڵەم دەدات هەژمونی خەلافەت دەگەڕێنێتەوە و خۆی بەسەركردەی جیهانی ئیسلامی دەزانێت، بەڵام بەو شێوەیە ئایین بەكاردەهێنێت، بۆیە ئەم بانگەشەیەی ئەردۆغان تەنها نە شارەزاكان و نەژادپەرستەكان دەیكڕن، ئەگەرنا فلسێكی قەڵب ناهێنێت، نە لە تەرازوی شەریعەتی ئیسلام و نەلای هەموو مرۆڤدۆستێكی راستەقینە".
ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری سیاسیی یەكگرتوو وتیشی "زانایانی ئیسلام پرسی كافربون  بە حاڵەتێكی زۆر مەترسیدار لە قەڵەم دەدەن و بۆ هیچ كەسێك نییە وەرەقەی كافربون و موسڵمانبون دابەشبكات، تەنانەت ئەگەر كەسێكیش بەزمانی خۆی دان بە كافربوندا بنێت، هیچ رەوایەتییەك نادات بە دەستدرێژیكردنەسەری و لەشكركێشی و كوشتوبڕكردنی".
لە هەینیی رابردودا ئەردۆغان دوای ئەنجامدانی نوێژی بە كۆمەڵ و گوتاری هەینی، مایكی لە وتاربێژی مزگەوتەكە وەرگرت و شیكردنەوەی بۆ سورەتی فەتح كرد، تیایدا دوپاتیكردەوە، خودا فەرمانیان پێدەكات لەگەڵ كافرەكاندا توندبن، وەك ئەوەی توركیا لە سوریا ئەنجامی دەدات بەرانبەر بە كورد.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group