رۆژهەڵاتی كوردستان..دیوارێكی مێژوویی دۆزرایەوە

08/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
لە نزیك شاری سەرپێڵی زەهاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان دیوارێكی مێژوویی دۆزرایەوە كە درێژیەكەی 115 مەترە و باس لەوەدەكرێت 2400 ساڵ بەر لە ئێستا دروست كراوە.
دیوارەكە كەوتوەتە داوێنی شاخی بەمۆ و لە نزیك گوندێكی باكوری شاری سەرپێڵە و بە وتەی شوێنەوارناسان لەسەدەی چواری بەر لە زایین دروست كراوە.
شوێنەوارناسان باسیان لەوەكردووە، هەرچەندە بەشێكی زۆری دیوارەكە لە ناوچووە، بەڵام بەپێی خەملاندنەكانیان پانی دیوارەكە چوار مەتر و بەرزیەكەشی 4 مەتربووە و لە دروستكردنیدا یەك ملیۆن مەتری چوارگۆشە بەرد بەكارهێنراوە.
هەر بە وتەی شوێنەوارناسان پێدەچێت دیوارەكە سنوری ئیمپارتۆریەتێكی لەگەڵ دەوروبەری جیاكردبێتەوە و بەدوریشی نازان بۆ سەردەمی ئەشكانی یان ساسانیەكان بگەڕێتەوە.
هەرچەندە شوێنەوارناسان دیوارەبەردینەكەیان تازە دۆزیوەتەوە بەڵام دانیشتوانی ناوچەكە هەر لە كۆنەوە ئەو دیوارەیان وەك دیواری گاوری ناسیوە، كە ئاماژەیەكە بۆ سەردەمی زەردەشتیەكان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group