سێگۆشەی نوێی هەژموون

هەڤاڵ عارف

49 خولەک پێش ئێستا

ڕێككەوتنی بەرگریی حەوتی ئاب لە نێوان توركیا، سعودیە و پاكستان لە مەككە، گۆڕانكارییەكی نوێیە لە هاوكێشە سەربازی و سیاسییەكانی ناوچەكەدا و دەستپێكی دروستبوونی جەمسەرێكی دیكەی هاوپەیمانێتی سێ وڵاتی ئیسلامییە بە ئامانجی دارشتنی نەخشەی هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، ئەمەش لە ڕێگەی گرێدانی سەرمایەی زەبەلاحی ئابووریی سعودیە بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای سەربازیی ئەنقەرە و هێزی ستراتیژیی ئیسلام‌ئاباد وەك تاكە وڵاتی ئیسلامی خاوەن چەكی ئەتۆم.

سەرباری ئەوەی هەر یەكێك لەم سێ دەوڵەتە خاوەنی پاشخان و ئاراستەی ئایدۆلۆژیی جیاوازن، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ستراتیژی و نەتەوەییەكانیاندا، ئامانجەكانی خۆیان لەم ڕێككەوتنەدا یەكخستووە. ئەوەی ناچاری كردون ئەم جیاوازییانە تێپەڕێنن و ئەمری واقع بخەنە پێش ئایدۆلۆژیاوە، دروستبوونی بۆشاییەكی جیۆپۆلەتیكی سەختە لە ناوچەكەدا بۆشاییەك، كە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی پاشەكشەی ڕۆڵی ئەمریكایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سایەی سیاسەتەكانی كابینەكەی ئێستای ترەمپدا، ئەم واقیعە نوێیەش، بەڕوونی لە دوای پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی ناوچەكە و جەنگە چل ڕۆژەیەكەی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا دەركەوت، كە تەواوی هاوكێشە ئەمنییەكانی ناوچەكەی بردە ئاقارێكی دیكەوە.

لەم تەوقیتە هەستیارەشدا، پاڵنەرەكانی پشتی ئەم ڕێككەوتنە بۆ هەر یەكێك لەم سێ وڵاتە ڕەهەندی ستراتیژی و ئیعتیباری قوڵی هەیە، سعودیە، دوای ئەوەی لە چەندین بەرەوە ڕوبەڕوی زنجیرەیەك هێرشی مووشەكی و درۆنی بووەوە لەلایەن ئێران، حوسییەكانی یەمەن و میلیشیاكانی ناوخۆی عێراقەوە، گەیشتە ئەو قەناعەتەی، كە چیتر ناتوانێت تەنها پشت بە چەتری ئەمنی ئەمریكا ببەستێت و ناچارە قەڵغانێكی ئەمنیی نوێ بۆ پاراستنی خۆی دابڕێژێت، لە لایەكی دیكەشەوە، پێگەی توركیا لەم هاوكێشەیەدا خوێندنەوەیەكی ئاڵۆزتر هەڵدەگرێت، ڕاستە ئەنقەرە خاوەنی دووەم گەورەترین سوپایە لەناو ناتۆدا و بەپێی بەندی پێنجەمی پەیماننامەكە، هەر هێرشێك بۆ سەر ئەندامێك بە هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانێتییەكە دادەنرێت.

بەڵام واقیعی ئێستای ناتۆ تەواو جیاوازە، ڕێكخراوەكە لە لایەكەوە لەژێر قورسایی جەنگی ئۆكرانیا و ڕووسیادایە، لە لایەكی دیكەشەوە هەڕەشە بەردەوامەكانی ترەمپ بۆ كشانەوە یان كەمكردنەوەی بەشدارییە داراییەكان، ناتۆی خستووەتە بەردەم تەنگژەیەكی گەورەوە، سەرەڕای ئەمانەش، لە ڕووی ئایدۆلۆژی و جیۆپۆلەتیكییەوە، توركیا باش درك بەوە دەكات ئەگەر گرژییە توندەكانی ئێستای لەگەڵ ئیسرائیل تەرجەمە بێت بۆ پێكدادانی سەربازی، ئەستەمە ناتۆ ئامادە بێت پشتیوانییەكی پراكتیكی ئەنقەرە بكات، بۆیە توركیا لەم دۆخەدا پێویستی بە جەمسەرێكی دیكەی پاڵپشتی هەیە، هاوكات دەیەوێت لەم هاوپەیمانێتییە نوێیەشدا بازاڕێك بۆ ساغكردنەوە و بەكارهێنانی پێشكەوتنە تەكنەلۆژیا سەربازییەكانی بدۆزێتەوە، هەرچی پاكستانیشە، كە لەئێستادا بەدەست قەیرانێكی سەختی داراییەوە دەناڵێنێت و بەردەوامیش لە ململانێیەكی ئەمنی قورسدایە لەگەڵ هیندستان، لەم سێگۆشەیەدا هەناسەیەكی ستراتیژی بۆ خۆی دەبینێتەوە، بەمجۆرە، یەكگرتنی ئەم سێ هێزە بەم پاڵنەرە جیاوازانەوە، گۆڕانكارییەكی بونیادییە لە نەخشەی هاوپەیمانێتییەكانی ناوچەكەدا و پێشهاتێكە كە دەبێت بە وریاییەوە بخوێندرێتەوە.


بەڵام لە دەرەوەی ئامانجە ڕاگەیەندراوەكان، ئەوەی جێگەی هەڵوەستەو شیكارییە، ڕەنگدانەوەی شاراوەی ئەم ڕێككەوتنەیە لەسەر پرسی كورد،. بەو پێیەی لە ڕابردووشدا هەر ڕێككەوتن و هاوپەیمانێتییەك لەم ناوچەیەدا  كرابێت یان لە دەرەوەی ئەم سنوورەش بە بەشداریی هەر جەمسەرێكی سەر بەم جوگرافیایە واژۆ كرابێت دەرئەنجامە عەمەلییەكانی بە زیانی كورد شكاوەتەوە، لەم سێگۆشە نوێیەشدا، گەرچی دەقێكی ڕاشكاوی دژ بە كورد بوونی نییە، بەڵام ئامادەیی توركیا وەك جەمسەرێكی بڕیاردەر، مەترسییەكە دەكاتە كارتێكی كراوە و خوێندنەوەكان بەو ئاراستەیە دەبات، كە ئەنقەرە هەر كات و لە هەر قۆناغێكدا بیەوێت، دەتوانێت لەژێر چەتری ئاسایشی نەتەوەییدا، قورسایی سیاسی و ئەمنیی ئەم هاوپەیمانێتییە وەك ئامرازێك دژی پرسی كورد ئاراستە بكات

سەرئەنجام، لە بەرامبەر دروستبوونی ئەم جەمسەرگیرییەدا، قەوارەی هەرێمی كوردستان گیرۆدەی بۆشاییەكی گەورەی ناوخۆییە بەدبەختێكەش لەوەدایە  سەرباری ئەم هەموو پێشهاتانە، هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر دۆخی شێواوی ناوماڵی كورددا نەهاتووە و هەر بە پەرتەوازەیی ماوەتەوە، لە كاتێكدا ئەو سێ دەوڵەتە خاوەنی سێ نەتەوەی جیاواز، سێ جوگرافیای لێكدابڕاو، سێ زمانی جیاواز و تەنانەت ئایدۆلۆژیای جیاوازیشن، بەڵام لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان خاڵی یەكگرتنیان دۆزیوەتەوە، كەچی لە بەرامبەردا، وەك چۆن لە كاتی هەر ڕێككەوتنێكی ڕابردودا كورد پەرتەوازە بووە، لە بەردەم ئەم ڕێككەوتنەشدا ژینگەی سیاسی هەرێم وێڕای ئەوەی خاوەنی یەك نەتەوە، یەك زمان و یەك جوگرافیایە هێشتا نوقمی قەیرانی لێكترازانە، ئەم مانەوەیە لە بۆشاییەكی بێ ئاراستەدا، لەپاڵ غیابی دامەزراوەیەكی یاسادانانی كارا، دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و نەبوونی گوتارێكی هاوبەشی نەتەوەیی، ئەو فاكتەرە كوشندانەن، كە ڕاستەوخۆ پارێزبەندی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێم دادەماڵن و قەوارەكە لەبەردەم لێكەوتەكانی ئەم گۆڕانكارییە خێرایانەدا بە پەراوێزخراوی و لاوازی دەهێڵنەوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group