خۆپیشاندەرانی بەغدا ئامادەكاری بۆ گەورەترین گردبونەوە دەكەن و هێزە ئەمنییەكانیش ئامادەن

10/12/2019 عێراق

نەوا
لەگەڵ زیادبونی داواكاری خۆپیشاندانی ملیۆنی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، هێزە ئەمنییەكانی عیراق بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پایتەخت بڵاوبونەتەوە و رێوشوێنەكانیان چڕتر كردوەتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ خۆپیشاندەران لەسەرجەم پارێزگاكانی عیراقەوە روو لە بەغدا بكەن و گوشارەكان لەسەر دەسەڵاتدارانی عیراق زیاتر بكەن، كە ماوەی 70 رۆژە بە خۆپیشاندان و گردبونەوە داواكارییەكانیان خستوەتەڕو.
لەلایەك دیكەوە سەركردایەتی پرۆسەكانی رافیدەین رەتیدەكاتەوە نیازی ئەوەی هەبێت بڵاوە بەخۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار بكەن. لەو روەشەوە لیوا جەبار تائی فەرماندەی سەركردایەتی پرۆسەكانی رافیدەین بەرۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی وتوە "ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و هەندێك دەزگای راگەیاندندا بڵاودەكرێتەوە سەبارەت بە نیەتی هێزە ئەمنیەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان لە پارێزگای زیقار و دیاریكردنی كاتێك بۆ كردنەوەی فەرمانگە حكومیەكان، دورە لەراستییەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر بڕیارێك سەبارەت بەخۆپیشاندانەكان بدرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانەدا دەبێت، كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە لەسەر شەقامن.
فەرماندەی سەركردایەتی پرۆسەكانی رافیدەین داواش لەدەزگاكانی راگەیاندن دەكات، هۆشیاربن بەرانبەر ئەو پروپاگەندانەی دەبنەهۆی تێكدانی بارودۆخی ئەمنی و راكێشانی خۆپیشاندەران بۆ پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group