"هه‌ڵوێستى كورد یه‌كخراوه‌ و رێگرنابین له‌به‌رده‌م كابینه‌كه‌ى عه‌للاوى-دا"

6 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نه‌وا
موحسین سه‌عدون په‌رله‌مانتارى پێشوى عیراق ده‌ڵێت "دواى كۆبونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم، هه‌ڵوێستى كورد یه‌كخراوه‌ و ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی بەتەواوەتی سه‌ربه‌خۆبێت، ئه‌وا كورد نابێته‌ رێگر له‌به‌رده‌میدا".
موحسین سه‌عدون، كه‌ پێشتر ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی بو له‌ په‌رله‌مانی عیراق، له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، كورد به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دژى تێپه‌ڕاندنى كابینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوى ناوه‌ستێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ته‌واوه‌تى سه‌ربه‌خۆ بێت و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ش له‌ پشكى خۆیان خۆش بون، چونكه‌ كورد نایه‌وێت خۆى به‌سه‌ر كه‌سانى تردا بسه‌پێنێت.
وتیشى "هه‌رێمى كوردستان تایبه‌تمه‌ندییه‌كى هه‌یه‌، كه‌ پێویسته‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌به‌رچاوى بگرێت، چ له‌سه‌رئاستى بارودۆخى هه‌رێم به‌گشتى یان هێز و حزبه‌كان، كه‌ نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌دواى كۆبونه‌وه‌ى نوێنه‌رانی هێز و حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌ڵوێستى كورد یه‌كخراوه‌ له‌باره‌ى حكومه‌تى نوێی عیراق، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌ته‌كه‌ راگوزه‌ره‌ و ئامانج لێى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌یه‌، بۆیه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو شتێك راست و دروست بێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پێشوو رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ عه‌للاوى له‌ هه‌ڵبژاردنى وه‌زیره‌كانیدا بۆچونى مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش وه‌ربگرێت تا هاوبه‌شى له‌ به‌رپرسیارێتیدا بێته‌دى، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ى ره‌زامه‌ندى هه‌بێت له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زاره‌ته‌كان یان نوێنه‌رایه‌تى فراكسیۆن و پێكهاته‌ كوردیه‌كان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group