لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی، رێككه‌وتن و گفتوگۆی نهێنی له‌گه‌ڵ به‌غدا ره‌تده‌كاته‌وه‌

26/02/2020 عێراق

نه‌وا-كاروان مه‌حمود
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ یه‌كێتی هیچ هه‌وڵێكی جیاوازی هه‌بێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو، ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "پێمان باشه‌ له‌م دۆخه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌رده‌وامبێت".
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ رادیۆ نه‌وای راگه‌یاند، "ئێمه‌ پێمان باشه‌ لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بن له‌ پرسی به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عیراق، به‌ڵام پێمان وایه‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا كارێكی باش نییه‌ له‌ م دۆخه‌دا بۆ كورد، پێویسته‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وامبێت و بتوانرێت به‌یه‌كده‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی داهاتوو مامه‌ڵه‌ بكه‌ین".
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانی ره‌تیشیكرده‌وه‌، یه‌كێتی هیچ هه‌وڵێكی جیاوازی هه‌بێت بۆ گفتوگۆكردن و به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عیراق و وتی: "یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ هه‌یه‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت و كورد یه‌كگرتوو یه‌كده‌نگ بێت له‌وباره‌یه‌وه‌".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group