سێ موشەك لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كەوتنەخوارەوە

26/03/2020 عێراق

نەوا
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) سێ موشەكی كاتیۆشا لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا كەوتنەخوارەوە، تائێستاش زیانەكانی نەزانراون.
سەرچاوەكانی هەواڵی عیراق بڵاویانكردەوە، سێ موشەكی كاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا كراون و لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتونەتە خوارەوە، هاوكات باڵیۆزخانەكەش زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێداوە، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی زیانەكانەوە ئاشكرانەكراون.
دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، بەردەوام باڵیۆزخانەی ئەمریكا و بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عیراق بە موشەك هێرشیان دەكرێتەسەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group