نه‌وا
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، ناوی كاندیده‌كان بۆ وه‌زاره‌ته پڕنه‌كراوه‌كان، راده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كراون.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقـ، ناوی كاندیده‌كان بۆ وه‌زاره‌ته پڕنه‌كراوه‌كان له حكومه‌تی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی راده‌ستی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كراون.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه كه رۆژی شه‌ممه، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان و متمانه به‌خشین به كاندیده‌كان، دانیشت ساز ده‌كات.
ناوی كاندیدكراوه‌كان بۆ پۆسته به‌تاڵه‌كان:
فوئاد حسێن بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه، حاكم سالار بۆ پۆستی وه‌زیری داد، ئیحسان عه‌بدلجه‌بار بۆ پۆستی وه‌زیری نه‌وت، حه‌سه‌ن نازم بۆ پۆستی وه‌زیری رۆشنبیری، محه‌مه‌د كه‌ریم بۆ پۆستی وه‌زیری كشتوكاڵ، عه‌لا جبوری بۆ پۆستی وه‌زیری بازرگانی و ئیڤان فائق بۆ پۆستی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران.
مسته‌فا كازمی رۆژی حه‌وتی ئایار، 20 له كاندیده‌كانی بۆ وه‌زاره‌ته‌كان خسته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و متمانه‌ی وه‌رگرت و له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق ده‌ستبه‌كاربوو.
به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له كاندیده‌كان، كاندیدی پێنج وه‌زاره‌ت له‌وانه‌ش بازرگانی، كشتوكاڵ، رۆشنبیری، كۆچ و داد نه‌یانتوانی متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ده‌ست بهێنن، هه‌روه‌ها هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و نه‌وت ده‌نگدان له‌سه‌ریان دواخرا.
له‌ئێستادا كابینه‌كه‌ی كازمی كه له 22 وه‌زاره‌ت پێكهاتووه، ته‌نها خاوه‌ن ١٥ وه‌زیره و پۆستی وه‌زاره‌ته به‌تاڵه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زیره‌كانی دیكه‌وه به‌ڕێوه‌دبرێن و كازمی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات.