مەرجی سودمەندبوونی هەرێم لە قەرزەكانی عیراق دەخرێتەڕوو

6 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق جەختدەكاتەوە كە حكومەتی فیدراڵ ئەو قەرزانەی لە ناوخۆ و دەرەوە دەیكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە بودجەی ساڵی 2020 و مەرجی پێدانی پشكی هەرێمیش لەو قەرزانە دەخاتەڕوو.
شیروان میرزا پەرلەمانتاری یەكێتی و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە، ئەو قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییانەی كە عیراق بەنیازە وەریبگرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە بودجەی ساڵی 2020، لەداهاتوودا لە خەرجییە سیادییەكان دەدرێتەوە.
راشیگەیاند: قەرزەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانە لە خەرجییەكانی بەكاربردن لە بودجەدا، پشكی هەرێمیش لەو قەرزانە دوای رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دیاریدەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی رونیشیكردەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لەسەر كێشە داراییەكان  بگەنە رێككەوتن، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی لەو قەرزانە بەردەكەوێت، لەئەگەری نەگەیشتن بەڕێككەوتن، ئەوا حكومەتی هەرێم هیچ پشكێكی لەو قەرزانە بەرناكەوێت كە عیراق بەنیازە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجە وەریبگرێت.
جێی ئاماژەیە، پەرلەمانی عیراق لە دانیشتنێكی پێشوویدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی دا، ئەوەش بەمەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2020.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group