یەدەگی دراوی قورسی عێراق چەندە؟

02/08/2020 عێراق

نەوا
دامەزراوەی پلەبەندیی GFP-ی جیهانی ئاشكرایكرد، یەدەگی دراوی قورسی عێراق زیاتر لە 48 ملیار دۆلارە و لەپلەی 40ی وڵاتانی جیهاندا دەبینرێت، چینیش بە زیاتر لە 3 ترلیۆن دۆلار پلەی یەكەمی گرتوە.
پێگەكە لە پلەبەندیەكدا بڵاویكردوەتەوە، یەدەگی عێراق لە دراوی قورس و ئاڵتون گەیشتوەتە 48 ملیار و 880 ملیۆن دۆلار، بەوەش پلەی 40ی وڵاتانی جیهانی گرتوە لەرووی بوونی یەدەگەوە لەناو 138 وڵاتی جیهاندا.
رونیشكراوەتەوە، عێراق لەناو وڵاتە عەرەبییەكاندا پلەی شەشەمی هەیە، ئەویش دوای سعودیە، كە یەدەگەكەی 496 ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە، بەدوای ئەویشدا جەزائیر بە 97 ملیار و 890 ملیۆن دۆلار و دواتر ئیمارات بە 95 ملیار و 370 ملیۆن، هەروەها لیبیاش بە پلەی چوارم دێت بە 74 ملیار و 710 ملیۆن دۆلار، لە پلەی پێنجەمیشدا لوبنان دێت بە 55 ملیار و 420 ملیۆن دۆلار.
دامەزراوەكە باسی لەوەشكردوە، لەسەر ئاستی جیهان، چین بە پلەی یەكەم دێت لە رووی بوونی یەدەگەوە و خاوەنی 3 ترلیۆن و 236 ملیار دۆلارە، دوای ئەوەش ژاپۆن دێت بە 2 ترلیۆن و 264 ملیار دۆلار.
ئەمەش لەكاتێكدایە لەساڵی 2019 بانكی ناوەندی عێراقی ئاشكرایكردبوو، عێراق خاوەنی 62 ملیار دۆلارە لە یەدەگی دراوی بیانی، بەڵام بەم نزیكانە حكومەتی عێراق ناچاربوو نزیكەی 8 ترلیۆن دینار لە بانكی ناوەندیی دەربكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی داهات و دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group