عیراق..بەهۆی زیادكردنی پشكنینەوە پێشبینی بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا دەكرێت

08/08/2020 عێراق

نەوا
عەباس عوەید حوسەینی ئەندامی لیژنەی قەیرانەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی رەسافەی شاری بەغدا دەڵێت "بەهۆی زیادبونی پشكنینەكان پێشبینی ئەوە دەكەین ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزببێتەوە".
عەباس عوەید لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، پێشبینی دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتودا ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا روو لە زیادبون بكەن، چونكە پشكنینە مەیدانییەكان لە رۆژێكدا بەرزبوەتەوە بۆ 18 هەزار پشكنین، هیواش دەخوازن پشكنینەكان رۆژانە بگەنە 20 بۆ 25 هەزار.
ئەم لێدوانە لە پاش راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عیراق دێت، كە هۆشداریی دەدات لە بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەهۆی بەهەند وەرنەگرتن و پابەندنەبونی هاووڵاتیان بە رێنماییەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
پێچەوانەی سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لە جیهاندا، لەئێستادا رۆژانە هەزاران توشبوی پەتای كۆرۆنا لە عیراقدا تۆماردەكرێت و كۆی گشتی توشبوانیش گەیشتوەتە سەرو 144 هەزار كەس، كە زیاتر لە 103 هەزاریان چاكبونەتەوە، بەڵام گیانلەدەستدان گەیشتوەتە پێنج هەزار و 236 حاڵەت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group